سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە: سبەی دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیران بکشێتەوە

سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە بە کوردستان24ی راگەیاند، مانەوەی نووری مالیکی وەک کاندید، بووەتە هۆی پەکخستنی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەمریکاش دوا وادەی بۆ کشانەوەی دیاری کردووە.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، فەهد جبووری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمەریکا بە روونی دوا وادەی داوەتە نووری مالیکی و لایەنە شیعەکان کە دەبێت تا سبەی یەکشەممە بکشێتەوە."

جبووری پێشبینی دەکات پێش تەواوبوونی وادەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، کە بە ئەگەری زۆرەوە بڕیارەکە بریتی دەبێت لە کشاندنەوەی مالیکی و دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ماڵی شیعە، ئەو سەرکردەیەی حیکمە ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەفتەی رابردوودا نەیتوانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات، دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی گرفت و ناکۆکیی قووڵ و رای جیاواز لەنێوان سەرکردەکاندا لەسەر مانەوە یان گۆڕینی کاندیدەکەیان.

بە گوتەی جبووری، ئێستا لەبری کۆبوونەوەی گشتیی سەرکردەکان، پەنا بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی دەبرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک پێش ئەوەی وادە دیاریکراوەکە کۆتایی بێت.