عێراق هەژموونی خۆی لەسەر جوڵەی کەشتیوانی زیاتر دەکات
سنوورە ئاوییەکانی عێراق دیسان بوونەوە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەخشەیەکی نوێی سنوورە ئاوییەکانی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لەبەرانبەردا کوەیت دەڵێت؛ بەغدا سنووری بەزاندووە.
عێراق لە بەشی خوارەوەی نەخشەکەیدا، سنووری ئاویی هەیە، لەڕووی کارگێڕییەوە لە سنووری پارێزگای بەسرەیە، سنوورە ئاوییەکە عێراق لە وڵاتانی کوەیت و ئێران جیا دەکاتەوە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە کێشە لەسەر دیاریکردنی ئەو سنوورە هەیە بەتایبەتی لەنێوان عێراق و کوەیت.
لە هەنگاوێکی نوێدا عێراق نەخشەیەکی نوێکراوەی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆئەوەی لە رێکخراو و دامەزراوە تایبەتەکاندا، دانی پێدا بنرێت، ئەمە کوەیتی نیگەران کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگکردووە و پێی راگەیاندووە؛ ئەو کارەی عێراق کردوویەتی بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی کوەیتە.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئاماژەی بەوە کردووە؛ عێراق چەند ناوچەیەکی خستووەتە سەر سنوورە ئاوییەکەی خۆیەوە کە هەرگیز هی ئەو نەبووە و تەنانەت کێشەشیان لەسەر نەبووە، وەکو ناوچەکانی (فشت القيد و فشت العيج) کە دوو پانتایی نزیکن لە رێڕەوی خورعەبدوڵڵا.
خاوەندارێتیکردن لە سنوورە ئاوییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە چوونکە هەر کانزا و سامانێکی سروشتی بکەوێتە ناو سنوورەکەوە دەبێتە هی ئەو وڵاتەی خاوەنی سنوورەکەیە، جیا لەوە رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە سەپاندنی هەژموون بەسەر جوڵەی کەشتیوانیی بازرگانی.
لە ماوەکانی رابردوودا بابەتی رێرەوی خورعەبدووڵڵا هەرای نایەوە، کاتێک چەند پەرلەمانتارێک بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر بڕێک پارەدا وازیان لە بەشێکی خورعەبدووڵڵا هێناوە بۆ کوەیت.
دواین جار کە عێراق نەخشەی سنوورە ئاوییەکانی رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە ساڵی 2021 بووە، واتە پێنج ساڵە ئەو سنوورانە لەسەر نەخشە نوێ نەکراونەتەوە، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەی ئێستا عێراق دەیکات لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی سنوورەکانی و بەتایبەتی بەندەرەکانە، ئامانج لەوە زیادکردنی داهاتی گومرگە ئەمە بێجگە لە لایەنە سیاسیی و ئەمنییەکەی.