ده‌زگای خێرخوازی بارزانی پانتایی كاره‌كانی فراوان ده‌كات

پلانی نوێی بۆ هاوكاریكردنی هه‌ژاران و لێقه‌وماوان بۆ ساڵی 2021 هه‌یه‌

ئیسماعیل عه‌بدولعه‌زیز، به‌رپرسی هاوكارییه‌كان له‌ رێكخراوی خێرخوازی بارزانی
ئیسماعیل عه‌بدولعه‌زیز، به‌رپرسی هاوكارییه‌كان له‌ رێكخراوی خێرخوازی بارزانی

K24- هه‌ولێر:

ساڵی 2020  تەنیا بۆ خەلك جیاواز نەبوو، بەڵكو ئەو دەزگا و رێكخراوانەی كاری خێرخوازییان كردووە بە بۆنەی كەرەنتین و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ئاستەنگ و گرفتی زۆریان بۆ دروست بوو. دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ساڵی 2020 جیا لەوەی لە ناوخۆی كوردستان كاریكردووە، ئاستی پەیوەندییەكانی لە دەرەوەی كوردستانیش زیاتر كردووە و لە 11 سێكتەری جیاواز، 60 پڕۆژەی ئەنجامداوە و پلانیشی بۆ ساڵی 2021 زیاتر كردووە، بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ھاوولاتییان.

لە ھەر شوێنێك پێویستیان بە ھاوكاری و یارمەتی مرۆیی بووبێت، دەزگای خێرخوازی بارزانی بە تیمەكانییه‌وه‌ گەیشتوونەتە ئەو شوێنە و ھاوكارییەكانی گەیاندووه‌تە دەستیان، ئەم دەزگایە بە وتەیەكی مەلا مستەفا بارزانی ھاتووەتە مەیدانی خزمه‌تكردن كه‌ گووتبووی: "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت"، بە كردەوەش دروشمەكەی لە ساڵی 2020 سەلماند و سەرەڕای سەختییەكان، توانی جێپەنجەی خۆی نشیان بدات، بەرپرسی بەشی ھاوكارییەكانی ئەم دەزگایە باسی سەختیەكانی ئەمساڵی خۆیان دەكات، بە تایبەت لە پرۆسەی گەیاندنی ھاوكارییەكان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیسماعیل عه‌بدولعه‌زیز، به‌رپرسی هاوكارییه‌كان له‌ رێكخراوی خێرخوازی بارزانی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 گوتی: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ئێمه‌ زیاتر هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ژار و ئاواره‌كانمان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ خه‌ڵكی خۆمان دوو قه‌یرانی به‌سه‌ردا هات، ئه‌وانیش قه‌یرانی دارایی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بۆیه‌ ئێمه‌ پلانێكی تایبه‌تمان دانا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هاوكارییه‌كانمان بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و ماڵانه‌ی پێویستییان پێیه‌تی، له‌و پرۆسه‌یه‌شدا كێشه‌ی زۆرمان ده‌هاته‌ پێش، به‌تایبه‌ت له‌ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان.

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ساڵی 2005 وه‌ك دەزگایەكی ناحكومی بۆ هاوكاريكرن و یارمەتیدانی ھەژاران دامەزراوە، ئەو دەزگایە لە ساڵی 2020 بە كارمه‌نده‌كانی لە سەرانسەری كوردستان، عێراق و دەروەش كارەكانی راپەڕاندووە.

ئەم دەزگایە بە چەندین پڕۆژەی جیاواز بە ھاوكاری خیرخوازانی كوردستان و كۆمپانیا و رێكخراوەكان خۆی بۆ ساڵی 2021 ئامادە كردووە، بۆ ئه‌وه‌ی كارو خزمەتی بەردەوام بێت، جیا لە كارە خێرخوازییەكانی، چەندین پڕۆژەی ئامادە كردووە لە بوارەكانی كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە نەخۆشییەكان، نەخۆشخانە، مۆزەخانە و پالپشتی و ھاوكاری مندالان و ژنانی بێ سەرپەرەشت و كەسانی لێقەوماو، جارێكی دیكه‌ش به‌ دروشمى شانازییە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێ به‌رده‌وام ده‌بێت.

H.B