پارێزگاری کەرکووک: کێشەی گەڕەکی نەورۆز چارەسەر بوو

پارێزگاری کەرکووک چارەسەرکردنی کێشەی خاوەن ماڵە کوردەکانی گەڕەکی نەورۆزی راگەیاند و گوتی، سوپای عێراق لە گەڕەکەکە کشاوەتەوە و خاوەندارێتیی ماڵەکان لە لایەن پارێزگاوە سەرپەرشتیی دەکرێت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، گرژیی لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک دروست بوو، دوای ئەوەی هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر چەند ماڵێکی هاووڵاتییانی کورد و بە زۆر لە ماڵەکانیان دەری کردن.

دوابەدوای رووداوەکە، د. رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، سەردانی گەڕەکەکەی کرد و لەگەڵ هاووڵاتییان و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە. لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند: "ئەم خانووانە موڵکی دەوڵەتن و هی هیچ کەسێک نین. ئەو خەڵکەی لێرەن لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە هاتوونەتە ناو خانووەکان. ماوەی چەند رۆژێک بوو چەند ئەفسەرێکی سوپا چوونەتە سەر خانووەکان و خێزانێکیان دەرکردبوو."

 

د. رێبوار تەها گوتیشی: "ئێستا هاتووین و هەم ئەو ماڵەمان هێنایەوە ناو خانووەکەی خۆی و هەم خانووەکانی دیکەشمان وەرگرتووەتەوە. لەمەودوا هەموویان بە موڵکی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک دادەنرێن و ئێمە وەک پارێزگا سەرپەرشتییان دەکەین."

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکە، پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی بە سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقەوە کردووە و روونیکردەوە: "چارەسەرەکە ئەوەیە بە تەواوەتی سوپا لەم ناوچەیە دەڕواتە دەرەوە و نامێنێت. خاوەن خانووەکان دەچنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان و ئیدارەی خانووەکان لای ئێمە دەبێت. هەر ئەفسەرێکیش رەفتاری نەشیاوی کردبێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت."

کێشەی موڵکداری لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، پرسێکی ئاڵۆز و درێژخایەنە و پەیوەستە بە سیاسەتەکانی بەعەرەبکردنی رژێمی پێشوو. دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، هەوڵ درا لە رێگەی ماددەی 140ـی دەستوورەوە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و مافی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بگەڕێنرێتەوە، بەڵام جێبەجێنەکردنی تەواوەتیی ماددەکە، کێشەکەی وەک خۆی هێشتووەتەوە. 

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 و کشانەوەی هێزی پێشمەرگە، جارێکی دیکە فشارەکان بۆ سەر دانیشتووانی کورد لەو ناوچانە زیاد بوونەوە و چەندین جار هەوڵی دەرکردنیان لە ماڵەکانیان دراوە، بەتایبەتی لەو گەڕەکانەی خانووەکانیان پێشتر موڵکی حکوومەت بوون.