ژنێکی کوەیتی بەتاوانی ئەشکەنجەدان و کوشتنی خزمەتکارە فیلیپینییەکەی لەسێدارەدەدرێت
K24 - هەولێر
دادگای تاوانەکانی کوەیت، رۆژی چوارشەممە، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ ژنێک دەرکرد بەتاوانی ئەشکەنجەدانی خزمەتکارە فیلیپینییەکەی، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
کەیسی ئەو ژنە کە میدیا عەرەبییەکان ناویان بڵاونەکردووەتەوە، بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، کاتێک پیاوێک کە پلەی سەربازیی هەیە لە وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، ژنە خزمەتکارە فیلیپییەنییەکەی گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دوای ئەوەی لەلایەن ژنەکەیەوە لێی دراوە، بەڵام خزمەتکارەکە گیانی لەدەستدا.
دوای ئەوەی پزیشکەکان لە نەخۆشخانە پشکنینیان بۆ جەستەی ژنەکە کردووە، شوێنی ئەشکەنجە و لێدانیان بینیوە. پزیشکی داد بەهەمان شێوە تەرمی ژنەکەی پشکنیوە و، بەڵگەی بینیوە کە دەریخانستووە ئەو ژنە ئەشکەنجەدراوە.
لە مانگی یەکی ساڵی 2020، داواکاری گشتیی کوەیت فەرمانی کرد ئەو ژنەی خزمەتکارەکە لە ماڵیدا کاری کردووە، لەگەڵ هاوسەرەکەی بخرێنە زیندانەوە بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، دواتر کەیسەکەی درایە دادگای تاوانەکان.
بەهۆی ئەو تاوانە، پەیوەندیی نێوان فیلیپین و کوەیت ئاڵۆزی تێکەوت. فیلیپین ناردنی کرێکارەکانی بۆ کوەیت بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت، تاوەکو ئەو وڵاتە رەزامەندی نیشاندا هەماهەنگی بکات لە پاراستنی کرێکارانی فیلیپینی، دواتر لە مانگی شوباتی رابردوو، جارێکی دیکە رێککەوتن بە سەپاندنی مەرجی نوێ بەسەر خاوەنکاران، کرێکارانی فیلیپینی لە کوەیت کار بکەن.
لەمدواییانەشدا تیۆدۆر لۆکسین، وەزیری دەرەوەی فیلیپین داوای کرد "هەردوو کەسەکە لەسێدارەبدرێن لەبەرامبەر کوشتنی ئەو خزمەتکارە"، رەتیشیکردەوە لەڕێگەی پارە، لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەو ژنە خۆشبن.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی فیلیپینی بە پێشێلکردنێکی گەورە لە ئاست دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری کوەیت لێکدایەوە و گوتی ئەو هەڕەشەیە رەتکراوەیە.
ئەوکاتە جێگری وەزیری دەرەوەی کوەیت گوتی "کوەیت وڵاتی یاسایە و هەوڵدەدات یاسا سەروەربێت و دادپەری بۆ هەمووان بێتەدی".
لە فەرمانەکەی دوێنێیدا، دادگای تاوانەکانی کوەیت سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەو ژنە دەرکرد، کە خزمەتکارە فیلیپینییەکەی ئەشکەنجەدابوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی، هەروەها سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ هاوسەرەکەی دەرکردووە.
