ویتکۆف: پوتن هەمیشە لەگەڵم راشکاو بووە
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە کە، سەرۆکی رووسیا لە کاتی کۆبوونەوەکاندا هەمیشە لەگەڵیدا راشکاو بووە و هێڵە سوورەکانی خۆی بۆ دیاری کردووە.
یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمەریکی رایگەیاند: ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا هەمیشە لەگەڵم راشکاو بووە، کاتێک ئەم قسەیە دەکەم رووبەڕووی هێرش دەبمەوە، بەڵام ئەمە راستییەکەیە؛ ئەو پێی گوتم کە هێڵە سوورەکانی کامانەن.
نێردەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەو گرنگ بووە تێگەیشتنی بۆ هەڵوێستی رووسیا هەبێت و گوتی: تەنیا لەبەر ئەوەی هەشت جار لەگەڵی کۆبوومەتەوە، هێرشم کراوەتە سەر. چۆن دەتوانیت لەگەڵ کەسێکی لایەنی بەرانبەر رێککەوتن بکەیت بەبێ ئەوەی پاڵنەرەکانی بزانیت؟
ویتکۆف ئەوەشی خستەڕوو، کە پێویستی بەوە هەبووە لە پاڵنەر و ئامانجەکانی پوتن تێبگات و پێی وایە ئەو دیدارانە ئێستا بایەخێکی زۆریان هەیە، لە کۆتاییدا گوتی: پێموایە ئەو دیدارانە گرنگ بوون و هیوادارین لەم دۆخەدا بە ئەنجامێک بگەین.