عێراقچی: ئەگەر واشنتن چارەسەری دەوێت دیپلۆماسیەت تاکە رێگەیە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا وڵاتەکەی ناترسێنێت. گوتیشی: ئەوان لە هەوڵی گەیشتندان بە رێککەوتنێک کە لە رێککەوتننامەی 2015 باشتر بێت. ناوبراو ئاشکراشی کرد، کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کۆدەبنەوە.

یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CBS News"ـی ئەمریکی، گوتی: ئەگەر واشنتن دەیەوێت نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەمان چارەسەر بکات، ئەوا دیپلۆماسییەت تاکە رێگەیە".

عێراقچی ئاماژەی بەوە دا، کە وڵاتەکەی کار لەسەر لایەنەکانی رێککەوتنەکە و رەشنووسەکەی دەکات و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ دیدارێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی ویتکۆف ئەنجام بدەن.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، "گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن لەبەردەستدایە (مومکینە) و هەندێک لایەنی هەیە کە رەنگە باشتر بێت لە رێککەوتنی ساڵی 2015".

سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "پێویست بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکی ناکات و ئەمە ئێمە ناترسێنێت، ئێمە هێشتا کار لەسەر پێشنیازی رێککەوتنەکە دەکەین".

هاوکات روونیشی کردەوە، "ئێمە لە پێگەیەکی بەهێزداین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، هەروەک چۆن لە جەنگی پێشوودا ئەوەمان کرد، و ئەگەر رووبەڕووی هێرشی ئەمریکی ببینەوە، مافی ئەوەمان دەبێت بەرگری لە خۆمان بکەین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هۆشداری دا و گوتی: "مووشەکەکانمان ناتوانن لە خاکی ئەمریکا بدەن، بەڵام بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەینە ئامانج.

لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیانەوە، عێراقچی جەختی کردەوە کە "ئێران تەکنەلۆژیای پیتاندنی یۆرانیۆم بە توانای خۆی پەرەپێداوە، ئەمەش سەرچاوەی شانازییە بۆمان و ناتوانین دەستبەرداری ببین".

هەروەها ئاماژەی بە تواناکانیان بەرانبەر ئیسرائیل کرد و ئاشکرای کرد: "مووشەکەکانمان توانای پێکانی ئامانجیان هەبوو لە ئیسرائیل، کە خۆی داوای ئاگربەستی بێ مەرجی کرد".