ماکرۆن نامەیەک بۆ ترەمپ دەنێرێت؛ داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر بەرپرسانی ئەوروپا دەکات
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای لێ دەکات بە سزاکانی سەر ژمارەیەک کەسایەتیی ئەوروپیدا بچێتەوە، کە لەنێویاندا کۆمیسیاری پێشووی ئەورووپا و دادوەرێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەن.
بەگوێرەی چەند بەشێکی نامەکە کە ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، بڵاوی کردوونەتەوە، ماکرۆن وەک داواکارییەکی کەسی داوای لە ترەمپ کردووە سزاکان هەڵبگرێت و ئاماژەی بەوە داوە کە سەپاندنی ئەو سزایانە ناڕەوا بوون. هەواڵی بوونی ئەم نامەیە سەرەتا لەلایەن رۆژنامەی لا تریبیون دیمانشەوە ئاشکرا کرا.
لە نامەکەدا ماکرۆن بەرگری لە تیێری برێتۆن، کۆمیسیاری پێشووی ئەوروپا کردووە، کە لە کانوونی یەکەمی 2025ـەوە بەهۆی کارەکانی لەسەر ڕێکخستنی سەکۆ دیجیتاڵییەکان لە یەکێتیی ئەوروپا، قەدەغەی هاتنە ناو ئەمەریکای لێ کراوە.
ئیدارەی ترەمپ کارەکانی برێتۆن بە پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕین دەزانێت و مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێکارەکانی یەکێتیی ئەوروپای بە کردەوەی ئاشکرای سانسۆری دەرەوەی سنوور وەسف کردبوو.
ماکرۆن لە وەڵامدا دەڵێت: سزاکان دەستوەردانە لە مافی یەکێتیی ئەوروپا بۆ رێکخستنی کارەکان لە ناو سنوورەکانی خۆیدا و رێساکانی ئەوروپا بە هیچ شێوەیەک خاک و سنووری ئەمەریکا ناگرنەوە.
بەشێکی دیکەی نامەکە تەرخان کراوە بۆ دۆسیەی نیکۆلاس گیلۆ، دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC). ناوبراو لە ئابی 2025ـەوە بەهۆی رۆڵی لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ چەند دادوەرێکی دیکە لەلایەن واشنتنەوە سزای دراوە.
کاریگەریی سزاکان تەنیا رێگری نییە لە گەشتکردن بۆ ئەمەریکا، بەڵکوو بانکە فەرەنسییەکەی گیلۆ کارتی بانکییەکەی راگرتووە کە لەسەر سیستەمی (Visa)ی ئەمەریکییە، هەروەها بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکانی وەک Airbnb و Amazonی لێ قەدەغە کراوە.
سەرۆکی فەرەنسا لە نامەکەدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم سزایانە "پێشێلکردنی سەربەخۆیی سیستەمی دادوەرییە."