عێراق: دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان بە پێی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی مافە دەریاییەکان، عێراق بە فەرمی نەخشەی سنوورە ئاوییەکانی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە لە راگەیەنراوێکدا، جەختی لەسەر رەتکردنەوەی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لەم دۆسیە سەروەرییەدا کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، لە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە سەبارەت بە هەنگاوی کۆماری عێراق بۆ سپاردنی نەخشەی سنوورە ئاوییەکانی (المجالات البحرية) لەلای نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەنراوەکەدا دووپاتی کردەوە کە بڕیاری حکوومەتی عێراق ژمارە (266)ـی ساڵی 2025، پاڵپشت بووە بە ژمارەیەک لە یاسا و بڕیار و لێدوانە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی عێراق و تایبەتمەندییەکانی لە ناوچە ئاوییەکاندا، ئەمەش بە پێی حوکمەکانی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان بۆ ساڵی 1982 و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "بڕیاری دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی عێراق بە ئامانجی کۆکردنەوە و تەواوکردنی رێکارە یاساییە پێشووەکان بووە کە پەیوەستن بە سنوورە ئاوییەکانی عێراقەوە لە یەک بەڵگەنامەدا کە بە خاڵی جوگرافی ورد پشتیوانیی کراوە".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەم بڕیارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتنە هاتووە کە لە یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکاندا رووی داوە، لەوانەش فراوانکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی کەناراو.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە "دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی بەپێی حوکمەکانی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان، بە کارێکی سەروەری دادەنرێت و هیچ دەوڵەتێک مافی دەستوەردانی تێیدا نییە".
هاوکات وەزارەتی دەرەوە پابەندبوونی خۆی بە رێزگرتن لە حوکم و بنەما پەیوەندیدارەکانی یاسای نێودەوڵەتی دووپات کردەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگکردووە و پێی راگەیاندووە؛ ئەو کارەی عێراق کردوویەتی بەزاندنی سنوورە ئاوییەکانی کوەیتە.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئاماژەی بەوە کردووە؛ عێراق چەند ناوچەیەکی خستووەتە سەر سنوورە ئاوییەکەی خۆیەوە کە هەرگیز هی ئەو نەبووە و تەنانەت کێشەشیان لەسەر نەبووە، وەکو ناوچەکانی (فشت القيد و فشت العيج) کە دوو پانتایی نزیکن لە رێڕەوی خورعەبدوڵڵا.