سبەی چارەنووسی مالیکی یەکلایی دەکرێتەوە؛ زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێن
دوای فشارەکانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی نووری مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستییان گۆڕاوە، بۆیە بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیارە سبەی چوارچێوەکە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو پرسە بکەن
پێگەی هەواڵی سکای نیووزی عەرەبی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغداوە بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئێوارەی سبەی دووشەممە 23ی شوباتی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە زۆرینەی ئەندامان لەگەڵ کشاندنەوەی مالیکین و دیاریکردنی جێگرەوەییەکن.
ئاماژەشی داوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، لایەنە سیاسییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە کاندیدکردنی مالیکی ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی سەرەکی بووەتەوە لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگی، جگە لەو تێبینی و بەربەستە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لەسەر ناوبراو هەن.
سکای نیووزی عەرەبی باسی لەوەش کردووە، هاوپەیمانییەکە داوای کردووە پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیددا بکرێت و پرۆسەکە لە بەرژەوەندیی کەسی دوور بخرێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 محەممەد شیاع سوودانی پەیامێکی بۆ نووری مالیکی ناردووە و داوای لێدەکات لە خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکشێتەوە، ئەگەر هەر سوور ببێت لە سەر کاندیدبوونی، ئەوە سوودانی بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە پاڵپشتی لە نووری مالیکی ناکات.
هاوکات ڤیکتۆریا تەیلەر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق لە ئەتڵانتیک کاونسڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کشانەوەی سوودانی لە پشتیوانیکردنی نووری مالیکی کۆتایی بە کاندیدیبوونی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هەمیشە پشتیوانیی سوودانی بۆ مالیکی تاکتیکی بووە و لەسەر بنەمای هاوبەشیی ستراتیژیی درێژخایەن نەبووە، بەڵام پێدەچێت سوودانی چاوەڕێی ئەوە بووبێت دڵنیایی ئەوە بدات، لەو گۆڕانکارییە بەرژەوەندییەکانی خۆی پارێزراوبن.
لە لایەکی دیکەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دواین پێشهاتە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوە، هەروەها لێکەوتە و کاریگەرییە بۆچوون کراوەکانی ئەو دۆخە لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەڵسەنگێردراوە.
کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری دیدگایەکی پێشوەختە کردووەتەوە کە ژیرانە و نەرم بێت، بە جۆرێک هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەقامگیریی وڵاتدا ڕابگرێت.