ستیڤ ویتکۆف: ترەمپ سەرسامە کە ئێران لە بەرانبەر ئەو هەموو هێزە چۆن خۆی بەدەستەوە نەداوە

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرسووڕمانی دۆناڵد ترەمپی لە خۆبەدەستەوەنەدانی ئێران نیشان دا سەرەڕای فشارە سەربازییەکان، هاوکات سەرۆکی ئێران ڕایگەیاندووە، تاران چاودێری وردی واشنتن دەکات و بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە.

یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرسیاری لێ کردووە سەبارەت بە تێڕانینی تاران بۆ دۆخەکە؛ ویتکۆف گوتی: ترەمپ لێی پرسیم؛ بۆچی سەرەڕای ئەو هەموو فشارە و ئەو هێزە زۆرەی لە دەریادا و لە نزیک ئەو وڵاتە کۆمانکردووەتەوە، هێشتا ئێران خۆی بەدەستەوە نادات؟

نێردەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە ئێرانییەکان لە پەیامەکانیاندا دەڵێن خوازیاری چەکی ئەتۆمی نین، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن بەردەوامە لە چاودێریکردنی هەڵوێستەکانی تاران لە ژێر ڕۆشنایی ئەو فشارە توندانەی لەسەریەتی.

لەلایەکی دیکەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری هەموو جموجۆڵ و کارەکانی ئەمریکا دەکات. پزیشکیان جەختی کردەوە: ئێمە بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەین و هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێک کردووە.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە تاران پابەندە بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها ئاشکرای کرد کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، پێشنیازی پراکتیکی و ئاماژەی هاندەرانە ئاڵوگۆڕ کراون، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر گۆڕانکارییەک کە بێتە پێش.