تورکیا: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن بۆ وەرگرتنەوەی زیاتر لە 180 زیندانی
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا پەردەی لەسەر هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانییە داعشانە هەڵمایەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکین و لە عێراق زیندانین، کە ژمارەیان زیاتر لە 180 کەسە
یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی سەباحی عێراقی، لە سەر زاری ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، بڵاوی کردەوە، لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی زیندانیانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکین و ژمارەیان زیاتر لە 180 کەسە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە بەغدا ئەنجام دەدرێت بۆ دانانی دوا گۆڕانکارییەکان لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکە.
بە پێی رۆژنامەی سەباح، ئینان بنەمای وەرگرتنەوەی هاووڵاتییان لە لایەن هەر وڵاتێکەوە بە منداڵەکانیشەوە، بە هەنگاوێکی پێویست دانا بۆ چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکانی قۆناغی دوای داعش.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 13ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، کۆی گشتی ئەو زیندانییە داعشانەی کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیان گەیشتووەتە پێنج هەزار و 704 کەس، کە هەڵگری رەگەزنامەی 61 وڵاتی جیاوازن.
هەروەها عێراق چەدین جار بە فەرمی داوای لە وڵاتان کردبوو هاووڵاتییەکانیان لە زیندانەکانی عێراق بگەڕێننەوە، بەڵام تا ئێستا چەندین وڵاتی ئەوروپی رەتیان کردووەتەوە کە ئەو چەکدارە داعشانە وەربگرنەوە کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن.