ئێران و رووسیا ڕێککەوتنێکی سەربازیی نهێنییان واژۆ کردووە

رۆژنامەیەکی بەریتانی پەردە لەسەر رێککەوتنێکی سەربازیی نهێنی لەنێوان تاران و مۆسکۆ لادەدا، کە تێیدا ئێران بە بەهای نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی لە رووسیا دەکڕێت، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە.

رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران رێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ رووسیا واژۆ کردووە بۆ کڕینی یەکێک لە مۆدێرنترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە مۆسکۆ واژۆ کراوە. تێیدا هاتووە کە رووسیا 500 مووشەکهاوێژی سەرشان لە جۆری ڤێربا بە ئێران دەفرۆشێت. هەروەها بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا، مۆسکۆ دوو هەزار و 500 مووشەکی تایبەت بەو سیستەمە رادەستی تاران بکات. تێچووی گشتی ئەم گرێبەستە سەربازییە بە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

سیستەمی ڤێربا یەکێکە لە سیستەمە هەرە پێشکەوتووەکانی رووسیا بۆ بەرگریی ئاسمانی لە مەودای کورت، کە توانای پێکانی فڕۆکە، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە.

ئاشکرابوونی ئەم رێککەوتنە نهێنییە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە ئێستا ئەمریکا هێزێکی سەربازیی گەورەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک لە سنوورەکانی ئێران جێگیر کردووە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی داوە کە ئەگەر تاران لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمییەکەی نەگەێتە رێککەوتن، ئەوا رووبەڕووی لێکەوتەی خراپ دەبێتەوە. ئۆپەراسیۆنی کڕینی ئەم چەکانە لەلایەن ئێرانەوە وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی دەبینرێت لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی چاوەڕوانکراو.