شێخمووس ئەحمەد: داعش لە تەواوی سووریا چالاک بووەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و کۆچبەران لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هۆشداریدا لەبارەی زیادبوونی مەترسییەکانی رێکخراوی داعش دەدات و رایدەگەیەنێت؛ شانەکانی ئەو رێکخراوە لە تەواوی خاکی سووریادا دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و چالاکبوونەوە کردووە.
شێخمووس ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسییەکانی داعش تادێت جددیتر دەبن، بەتایبەت کە نزیکەی 7 هەزار خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی "هۆل" نیشتەجێبوون، ئەمەش بارگرانی و مەترسییەکی گەورەی ئەمنیی بۆ ناوچەکە دروست کردووە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو خێزانانە و هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو بەرپرسەی خۆسەر ڕەخنەی گرت و گوتی: "وڵاتانی جیهان تا ئێستا ئامادە نین خێزانە داعشەکانیان وەربگرنەوە، ئەمەش وایکردووە کێشەکە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە."
هاوکات، شێخمووس ئەحمەد تیشکی خستە سەر ڕۆڵی حکوومەتی سووریا و رایگەیاند، دیمەشق نەک هەر هاوکار نییە، بەڵکو هیچ ئاسانکارییەکیش ناکات بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە داعشانەی کە هەڵگری رەگەزنامەی سوورین بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمەش پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپەکان و بنبڕکردنی مەترسییەکانی داعشی قورستر کردووە.
بەرپرسی کەمپەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راشیگەیاند؛ تا ئێستا 400 خێزانی ئاوارەی عەفرین گەراونەتەوە ناوچەکانیان.