بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کوردستان24: ئاگربەستی سووریا لەرزۆکە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئاگربەستی سووریا "لەرزۆکە" و دەیانەوێت لایەن سووریەکان پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی حکوومەتێکی گشتگیریان هەبێت و کەس لە دەرەوەی بازنە نەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی ناوەندیی دیمەشق، وەک پێویست بەهێز نییە.

کایا کاڵاس گوتی "ئاگربەست لە سووریا هەیە، بەڵام ئەو ئاگربەستە هەستیار و لەرزۆکە، دەمانەوێت هێزەکانی سووریا پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی حکوومەتێکی گشتگیر بهێننەکایەوە، هەروەها ئاشتەوایی نیشتیمانیان هەبێت."

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە دووپاتی کردووەتەوە "یەکێتیی ئەوروپا بەهەموو توانایەوە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە لە سووریا دەکات، ئێمە دانوستانمان دەبێت لەبارەی ئاخۆ ئێستا کاتی ئەوەیە پەیوەندی دوو قۆڵی باڵامان لەگەڵ سووریا هەبێت یاخود نا بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو نیگەرانیانەی لە سووریا هەمانە."

رۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا چووە واری جێبەجێکردنەوە. ئەم رێککەوتنە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی سەربازی و کارگێڕیی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەبینرێت.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت. پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت. پاش رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان بە حکوومەتی سووریا، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.

رێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکانیش لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.

یەکێتیی ئەورووپا لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە بەردەوام داوای چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانەکانی ئەو وڵاتە کردووە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە سەرکەوتنی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا، پەیوەستە بە پابەندبوونی هەردوو لایەن بە خاڵەکانی رێککەوتنەکە و رەزامەندیی هێزە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە.