سۆمۆ: هیچ هۆشدارییەکی فەرمیمان لە ئەمریکاوە پێنگەیشتووە
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رەتیدەکاتەوە هیچ هۆشداری یان هەڕەشەیەکی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتبێت سەبارەت بە سەپاندنی سزا، جەختیش دەکاتەوە کە رێکارەکانی کۆنترۆڵی هەناردەی نەوت لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە جێگەی متمانەن.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، "هیچ نووسراوێکی فەرمیمان سەبارەت بە هەبوون یان سەپاندنی سزای لەلایەن ئەمریکاوە پێنگەیشتووە، ئێمە پشت بە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکان دەبەستین، نەک دەنگۆ."
ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانیان، بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، جەخت لە تۆکمەیی ئەو رێکار و بەڵگەنامانە دەکەنەوە کە کۆمپانیای سۆمۆ کاریان پێدەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ گوتیشی، کۆمپانیاکە رێکاری وردی کۆنترۆڵکردنی بەسەر هەموو ئەو تانکەرانەدا سەپاندووە کە دێنە ناو عێراق، هەروەها رۆژانە راپۆرتی ورد لەسەر جۆری تانکەرەکان و ئاراستەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان بڵاو دەکرێتەوە. روونیشیکردەوە کە ئەم رێکارانە دڵنیایی تەواو دەدەن لە پاراستنی شادەماری بودجەی وڵات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا شەتری ئاشکرای کرد، عێراق ئێستا بووەتە هەناردەکارێکی گەورەی بەرهەمە نەوتییەکان و داهاتی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە خەریکە لەگەڵ داهاتی نەوتی خاو یەکسان دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکە بە گرنگییەکی زۆرەوە کار بۆ پاراستنی ئەم سێکتەرە ئابوورییە بکات.
ئەم لێدوانانەی بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن روو لە هەڵکشانە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا بە توندی دژایەتی خۆی بۆ کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیشاندا. واشنتن وەک کاردانەوەیەک، هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری توندی ئابووری بەرانبەر بەغدا دەکات، کە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانیش سەپاندنی سزای داراییە بەسەر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتی سەرەکی وڵات دروست دەکات.