پەرلەمانتارێکی کورد: دەستکاریکردنی سنووری خانەقین پێشێلکردنی روونی ماددەی 140ـە
لایەنە کوردییەکان دژی بچووککردنەوەی قەزای خانەقین كۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، رێگری لە جێبەجێکردنی بڕیاری بە قەزاکردنی هەردوو ناحیەی جەلەولا و قەرەتەپە دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی شوباتی 2026، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، کەسایەتییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە قەزای خانەقین کۆببنەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە دەربڕینی هەڵوێست و رەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە سەبارەت بە بەقەزاکردنی ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) و دابڕاندنی چەند ناحیەیەک لە قەزای خانەقین.
هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە خانەقین رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە ئامادەنەبوونی نوێنەرانی کورد، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە و لکاندنی ناحیەی جەبارەی بەو قەزایە نوێیەوە دەرکرد. چەند رۆژێک لەمەوبەریش بە هەمان شێوە بڕیاریان دا ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) بکەن بە قەزا و ناحیەی سەعدییە بخەنە سەر جەلەولا.
بەم هەنگاوانەش چوار ناحیە لە رووی کارگێڕییەوە لە قەزای خانەقین دابڕێندران. ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای دانیشتووان و هێزە سیاسییەکانی کورد لە ناوچەکە دروست کردووە.
لەوبارەیەوە، نازک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشکی خانەقین، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پێشێلکارییەکی کارگێڕی و یاساییە. ئەم بڕیارە بەبێ هیچ رێککەوتن و لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەنجوومەنی پارێزگا، کارگێڕیی دیالە و وەزارەتی پلاندانان دراوە، بۆیە ئێمە بە توندی دژی دەوەستینەوە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەم هەنگاوانە "بچووککردنەوەی قەزای خانەقین و بەتاڵکردنەوەی پەیکەرە کارگێڕییەکەیەتی."
هاوکات جەختی کردەوە ئەم جۆرە دەستکارییە لە سنووری کارگێڕیی خانەقین و دروستکردنی ناحیە و قەزای نوێ، پێشێلکارییەکی روونی دەستووری عێراقە، بەتایبەتی ماددەی 140. تا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت، گۆڕینی سنوورە کارگێڕییەکانی ئەو ناوچانە نایاساییە.
نازک ئەحمەد روونیشی کردەوە، وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، بە فەرمی ئەو بڕیارانە رەتدەکەنەوە و نووسراو ئاراستەی لایەنە باڵاکانی عێراق دەکەن بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنیان. پێشتریش هەمان هەڵوێستیان بەرامبەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە هەبووە.
بڕیارە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانانی خانەقین، راگەیەنراوێکی هاوبەش بخوێندرێتەوە و لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەوە، بە فەرمی هەردوو بڕیاری بەقەزاکردنی قەرەتەپە و جەلەولا و لێسەندنەوەیان لە خانەقین، رەتبکرێتەوە.