مالیکی: ناکشێمەوە
نووری مالیکی دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکەم" و "چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە دەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق؛ لە چاوپێکدوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" ، سووربوونی خۆی لەسەر مانەوەی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەت راگەیاند.
نووری مالیکی بە روونی رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک نیەتی کشانەوەم نییە و لەو پرسە پاشگەز نابمەوە."
لە پەیامێکیشدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە نیگەرانیی بەردەوامیان لە دۆخی ئەمنیی عێراق هەیە، مالیکی پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بەوەی، لە ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتدا، کار بۆ ئەوە دەکات چەک تەنیا و تەنیا بەدەست دەوڵەتی عێراقەوە بێت و کۆتایی بە دیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا بهێنرێت.
سەبارەت بە هەستیاریی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد "پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد دەنرێت، نەک شتی دیکە."
هەر لە میانەی لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسە فەرەنسییەکە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرژییە هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق، مالیکی دڵنیایی دا: "لە عێراقدا بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین پێشێلکاری و هێرش بکرێتە سەر هیچ باڵیۆزخانەیەکی بیانی.”
نووری مالیکی پێشتر بۆ دوو خول (لە ساڵانی 2006 تا 2014) پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی پێک هێناوە و ئێستا سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا" دەکات و یەکێکە لە جەمسەرە بەهێزەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شیعەکان.