ئەمریکا کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەیروت دەگوازێتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026، بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی و مەترسیی هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری، فەرمانی بە کارمەند و خێزانەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەیروت کرد کە لوبنان جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوتە هاووڵاتییانی گەشت بۆ لوبنان مەکەن. ئەم بڕیارە دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی دۆخی ئەمنی بەیروت دێت، کە تێیدا گەشتی کارمەندانی باڵیۆزخانە بۆ کاروباری کەسی قەدەغە کراوە و گەشتە فەرمییەکانیش سنووردار کراون.

واشنتن چەند هۆکارێکی بۆ ئەم بڕیارە لەناکاوی و توندە هێناوەتەوە، لەوانە؛ گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوامن لە داڕشتنی پلان بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە گشتییەکان، بازاڕەکان و بنکە حکوومییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە؛ هاوکات بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژ و ڕفاندن بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە یان بە پاڵنەری سیاسی و هەبوونی مینی چێندراو و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگ لەسەر سنوورەکانی سووریا.

هۆشدارییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە خۆپێشاندان و گردبوونەوەکان ئەگەری زۆرە بە خێرایی بگۆڕێن بۆ توندوتیژی. خۆپێشاندەران چەندین جار ڕێگا سەرەکییەکانیان بەستووە، بەتایبەت ڕێگای نێوان ناوەندی بەیروت و باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هەروەها ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕەفیق حەریری.

حکوومەتی ئەمریکا ئاگاداری هاووڵاتییانی لە لوبنان کردووەتەوە کە توانای باڵیۆزخانە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی کونسوڵگەری زۆر سنووردارە و کارمەندانی باڵیۆزخانە لە ژێر ڕێکاری ئەمنیی تونددا دەژین و کار دەکەن، چونکە مەترسییەکانی سەر گیانیان بە جددی وەسف کراوە.

وەزارەتی دەرەوە داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە دەکات کە ئێستا لە لوبنانن، بە وریایەوە بجووڵێنەوە و لە شوێنی گردبوونەوەکان دوور بکەونەوە، چونکە بڕیارە ئەمنییەکان لە هەر ساتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەگۆڕدرێن.