حەیدەر عەبوودی: نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەشداریی گفتوگۆی نیشتمانی دەکەن
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق راگەیاند، سێشەممەی داهاتوو لەسەر دەستپێشخەریی فایەق زێدان و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق گفتوگۆی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت و دواتریش ئەنجوومەنی وەزیران یاسای بودجەی 2027 پەسند دەکات.
هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سێشەممەی داهاتوو لەسەر دەستپێشخەریی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی گفتوگۆی نیشتمانی لەنێوان سەرکردەکانی کورد و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەڕێوەدەچێت.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کرد: کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بەڕێوەدەچێت.
عەبوودی جەختیکردەوە، مامەڵەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەستووری دەبێت.
سەبارەت بە پەسندکردنی بودجەی 2027ـیش گوتی، دوای کۆبوونەوەکەی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران یاسای بودجە پەسند دەکات.
چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، راگەیاندنی دادوەری لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێشنیاز و دەستپێشخەریی فایەق زێدانیان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لە 1ی کانوونی یەکەمی 2026 پەسەند کردووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەستووریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ هاوکات زێدان دووپاتی کردەوە کە لە کاتی ناکۆکی لەسەر واتای مادە دەستوورییەکان، پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت.