جووتیارانی مەخموور: هەشت مانگە پارەی گەنمی ساڵی رابردوومان وەرنەگرتووە و قەرزدارین
لە کاتێکدا تەنیا دوو مانگ ماوە بۆ وەرزی نوێی دروێنە، جووتیارانی سنووری مەخموور و قەراج هێشتا شایستە داراییەکانی ساڵی رابردوویان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ خەرج نەکراوە؛ ئەوان دەڵێن بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە دۆخی گوزەرانیان خراپە و ناتوانن ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ بکەن.
حاجی عەلی، جووتیارێکی دێرینی سنووری مەخموورە و ساڵانە زەوییەکەی بە گەنم دەچێنێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 تۆن گەنمی رادەستی سایلۆی مەخموور کردووە، بەڵام هێشتا پارەکەی وەرنەگرتووە. ئەو بە کوردستان24ی گوت: تێچووی بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە پێنج دەفتەر دۆلار بووە.
حاجی عەلی باسی لەوە کرد کە هەموو کارەکانیان بە قەرز بەڕێوە دەچێت و گوتی: "تەنیا پەینی کیمیاییم بە ملیۆنێک و 350 هەزار دینار کڕیوە، ئایا دەکرێت ئێمە بە قەرز ئیش بکەین و حکوومەتیش پارەمان نەداتێ؟"
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، لە وەرزی رابردووی بە بازاڕکردنی گەنمدا، سایلۆی مەخموور تەنیا پارەی پێنج رۆژی سەرەتای وەرگرتنی گەنمی دابەش کردووە و لە رێکەوتی 25ی حوزەیرانی رابردووەوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ جووتیارانی ئەو سنوورە خەرج نەکراوە.
ئیدریس مەلا سابیر، نوێنەری جووتیارانی مەخموور، رەخنە لە شێوازی مامەڵەی بەغدا دەگرێت و ئاماژە بە جیاکاری دەکات لەنێوان ناوچەکاندا و رایگەیاند، لە ناوچەکانی وەک تکریت بەشێکی زۆری پارەکە دابەش کراوە، بەڵام لە مەخموور تەنیا هی پێنج رۆژ دراوە، ئێمە غەدرمان لێ دەکرێت، نەک تەنیا لە گەنم، بەڵکوو لە بازگەکان و گواستنەوەی بەرهەمەکانیشمان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە."
جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن نەک هەر قازانجیان نەکردووە، بەڵکوو بەهۆی نەبوونی نەختینەوە کەوتوونەتە ژێر فشاری خاوەن قەرزەکانەوە.
بەدران بەناوی، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و دەڵێت: نزیکەی 500 بۆ 600 ملیار دیناری جووتیاران ماوە خەرج بکرێت، ئێستا جووتیار هەیە پارەی بەنزینی نییە، لە لایەک خاوەن پەین و لە لایەک خاوەن کەرەستە کشتوکاڵییەکان داوای قەرزەکانیان دەکەنەوە.
دواکەوتنی شایستە داراییەکان بۆ ماوەی نزیکەی هەشت مانگ و نادیاریی کاتی خەرجکردنی پارەکە، وای کردووە بەشێک لە جووتیارانی مەخموور و قەراج لە کەرتی کشتوکاڵ سارد ببنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بژێویی سەرەکی دانیشتووانی ناوچەکە لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی گەنمە.