کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێرالد فۆرد لە ئیسرائیل لەنگەر دەگرێت
لە نوێترین هەنگاوی واشنتن بۆ چڕکردنەوەی فشارە سەربازییەکانی لە ناوچەکە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، گەورەترین و پێشکەوتووترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی ئەمریکا یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد لە بەندەری حەیفای ئیسرائیل لەنگەر بگرێت.
رۆژنامەی "جیرووزالیم پۆست" بڵاوی کردەوە کە گەیشتنی ئەم کەشتییە زەبەلاحە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ بەهێزکردنی بوونی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش دوای زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و گرژییە ئەتۆمییەکان دێت. هاوکات لەگەڵ جووڵەی ئەم کەشتییە، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی و فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی ئەمریکی لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی ئیسرائیل بینراون.
گەیشتنی ئەم کەشتییە بۆ شاری حەیفا گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، چونکە ئەو شارە کە ناوەندی هێزی دەریایی ئیسرائیل و گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەو وڵاتەی لێیە، لە جەنگی مانگی حوزەیرانی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا رووبەڕووی هێرشی مووشەکیی قورس بووەوە و زیانێکی زۆری بەرکەوت. ئێران پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی لەناوبردنی بەندەری حەیفای کردبوو.
کەشتیی جێرالد فۆرد پێش گەیشتنی بە ئیسرائیل، لە بنکەی دەریایی سودا لە یۆنان بووە بۆ وەرگرتنی پێداویستی. شارەزایانی سەربازی دەڵێن ئەم کەشتییە دەتوانێت لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا لە دەریای ناوەڕاستەوە بگاتە هەر شوێنێکی ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی هێرش.
ئێستا ئەمریکا زیاتر لە 40 هەزار سەربازی لە بنکە جیاوازەکانی ناوچەکەدا جێگیر کردووە، بە گەیشتنی ئەم کەشتییەش چەندین هەزار سەربازی دیکە دەچنە ناوچەکە. ئەم جووڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە تاران کە ئەگەر دانوستانە ئەتۆمییەکان بگەنە بنبەست، بژاردەی سەربازی بەکار دەهێنێت.
کەشتیی جێرالد فۆرد گەورەترین کەشتیی جەنگییە لە جیهاندا و بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگی و پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگری و هێرشبەری هەیە.