سوپاسالاری ئەمریکا بۆ ترەمپ: جەنگی ئێران درێژخایەن و پڕ تێچوو دەبێت

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوتوێی بژاردەی سەربازی دەکات دژی ئێران، سوپاسالاری وڵاتەکە، هۆشداریی توندی داوەتە کۆشکی سپی کە هەر هێرشێک مەترسیی تێوەگلانی ئەمریکای لە جەنگێکی درێژخایەن و پڕ تێچوودا لێدەکەوێتەوە.

دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، دان کێین، سوپاسالاری ئەمریکا لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا لە بارەی هێرشکردنە سەر ئێران دوودڵ دەرکەوتووە. هەرچەندە کێین پێشتر پاڵپشتێکی سەرسەختی ئۆپەراسیۆنی ڤەنزوێلا بوو، بەڵام سەبارەت بە ئێران داوای هۆشیاریی زیاتر دەکات.

بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، کێین پێیوایە مەترسییەکانی ئەم جەنگە زۆر زیاترن و ئەگەری کەوتنەوەی قوربانیی زۆری لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکادا هەیە. بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن کێین دژی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا نییە، بەڵام دەیەوێت ترەمپ بە چاوێکی واقیعییانە سەیری ئەنجامەکانی دوای دەستپێکردنی جەنگ بکات.

لەناو بازنەی نزیکی ترەمپدا، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف پێشەوایەتی بەرەی دیپلۆماسی دەکەن. ئەوان فشاریان کردووە کە ترەمپ پەلە نەکات لە وەشاندنی گورزی سەربازی و دەرفەتێک بدات بە گفتوگۆکانی جنێڤ کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام بدرێت. لە بەرانبەردا، سیناتۆر لیندزی گراهام و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، فشاری توند دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە و دەڵێن هەر دواکەوتنێک دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەت و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی خراپ.

ئەکسیۆس باسی لەوەش کردووە، کۆشکی سپی لەسەر ئەم پرسە بووەتە دوو بەرەوە، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، نیگەرانیی خۆی لە تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی ئاڵۆز دەربڕیوە. هەروەها کوشنەر و ویتکۆف پێیان وایە کات لە بەرژەوەندی ترەمپدایە و پێگەی ئەو بەهێزتر دەبێت ئەگەر سەرەتا ڕێگەی دیپلۆماسی تاقی بکاتەوە.

لە بەرانبەردا، لیندزی گراهام بە ئاشکرا داوای بۆردوومانکردنیت ئێران دەکات. ناتانیاهۆش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ، گومانی لا دروست بووە لەوەی ئایا ئەمریکا هێرش دەکات یان نا، تەنانەت پرسیویەتی: "ئایا ترەمپ هێشتا لەگەڵمانە؟"؛ هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، تا ئێستا هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی وەرنەگرتووە و زیاتر جەختی لەسەر دۆسیەکانی ڤەنزوێلا و کوبا کردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، جێگەی سەرنجە کە لەم قەیرانەدا، ترەمپ تەنیا گوێ لە کێین دەگرێت و تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەو بارەوە ئەنجام نەداوە؛ هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەیلی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی هەبووە، بەڵام لەسەر داوای کوشنەر و ویتکۆف ڕازی بووە کاتێکی کەم بدات بە دیپلۆماسی تاوەکوو دڵنیا بێتەوە لەوەی هەموو ڕێگاکان تاقی کراونەتەوە پێش ئەوەی پەنجە بنێت بە پەلەپیتکەی جەنگدا.