ئەمریکا لە ماوەی مانگێکدا بە تەواوی لە سووریا دەکشێتەوە

سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشیان دەکرد، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بە تەواوی لە خاکی سووریا دەکشێنەوە. ئەم بڕیارەش هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی حکومەتی سووریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات و پەیوەندیکردنی فەرمی دیمەشق بە هاوپەیمانی دژی داعش.

دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026،  بەگوێرەی سەرچاوەکان کە بە فرانس پرێسیان راگەیاندووە، پرۆسەی چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکان دەستیپێکردووە. بەرپرسێکی حکوومەتی سووریا و سەرچاوەیەکی کوردی پشتڕاستیان کردەوە کە لە ماوەی مانگێکدا هیچ سەربازی ئەمریکا لە بنکەکاندا نامێنن. دیپلۆماتکارێکی وڵاتێکی هاوپەیمانیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری هەیە کشانەوەکە لە ماوەی 20 ڕۆژدا تەواو بێت، هەرچەندە ئەمریکا لەوانەیە لە ڕێگەی بنکەکانی تری ناوچەکەوە بەردەوام بێت لە هێرشی ئاسمانی ئەگەر پێویست بکات.

هەر ئەمڕۆ، کاروانێکی سەربازی گەورەی ئەمریکایان تۆمارکرد کە لە بنکەی قەسڕەک لە پارێزگای حەسەکە بەرەو سنوورەکانی عێراق بەڕێکەوتوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا لە بنکەکانی تەنف لە باشووری ڕۆژهەڵات و شەدادی لە باکووری ڕۆژهەڵات کشاوەتەوە.

ئەم کشانەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێزە کوردییەکان کە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا بوون مانگی ڕابردوو ڕێککەوتن دامەزراوەکانیان لەگەڵ دیمەشق یەکبخەن. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، داعش چالاکییەکانی چڕکردووەتەوە؛ میدیاکانی سووریا ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکی داعشدا بۆ سەر شاری ڕەقە، چوار کارمەندی ئەمنیی سووریا کوژراون.

سەبارەت بە زیندانیانی داعش، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەزاران گومانلێکراوی داعشیان لە زیندانە کوردییەکانەوە بۆ عێراق گواستووەتەوە. هاوکات، حکومەتی سووریا کەمپی هۆلی داخستووە و خێزانەکانی بۆ شوێنێکی تر گواستووەتەوە. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە چارەنووسی 8500 کەس کە لەو کەمپانەدا بوون و ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 1000 سەربازی لە سووریا هەبوو. دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، و دوای 12 ساڵ لە بوونی سەربازی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستا کۆتایی بەو ئەرکە دەهێنێت.