ئەردۆغان: ئامانجی تورکیا فراوانکردنی هاوپەیمانی یان قووڵکردنەوەی کێشەکان نییە
سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستا سیاسەتی وڵاتەکەی بە ئاراستەی زیادکردنی دۆست و هاوبەشەکانیدایە و نایەوێت ناکۆکییەکان ببنە هۆی قووڵکردنەوەی دوژمنایەتی یان دروستکردنی کێشەی نوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی سیستەمی جیهانی و رایگەیاند، ئەنقەرە بەدوای فراوانکردنی هاوپەیمانییەکان یان قووڵکردنەوەی کێشەکانەوە نییە، بەڵکو دەیەوێت لەم کاتەدا کە جیهان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دۆستی نوێ بۆ خۆی پەیدا بکات.
سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە ئاست رووداوەکاندا بە "بوێر، راستگۆ و بنەماگیر" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە سیاسەتە لەلایەن هەمووانەوە بەرز دەنرخێندرێت و جێگەی سەرنجە.
هەروەها پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "دەمانەوێت هەمووان لە ناوچەکەمان ئەوە بزانن، لەم سەردەمەدا کە سیستەمی جیهانی گۆڕانکاریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت، تاکە ئامانجمان زیادکردنی ژمارەی دۆستەکانمانە. هەروەها رێز لە سەروەریی وڵاتانی دیکە دەگرین، داواکارین ئەوانیش رێز لە ماف و یاساکانمان بگرن."