نەتەوەیەکگرتووەکان: زیاتر لە 10 هاووڵاتی ئەفغانی بەهۆی هێرشەکانی پاکستانەوە کوژراون
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی پاکستان بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لانی کەم 13 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و 7ـی دیکەش برینداربوون، بەم هۆیەوە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات پێ ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
بەپێی راپۆرتێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی ئەفغانستان، هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان کە لە شەوانی 21 و 22ـی شوباتدا ئەنجام دراون، ناوچەکانی (بەهسود و خۆجیانی) لە هەرێمی نەنگەرهاریان کردووەتە ئامانج و قوربانیی مەدەنییان لێ کەوتووەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاگربەستەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دروست کردووە، کە خاوەنی 2600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشن.
لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان هێرشەکانی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم دا و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی گونجاوی کرد، هاوکات وەزارەتی دەرەوەش باڵیۆزی پاکستانی لە کابول بانگهێشت کرد بۆ پێدانی یادداشتی ناڕەزایەتی، پێشتریش زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان، رایگەیاندبوو، کە لەو هێرشانەدا لە هەرێمی پاکتیکاش دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
لە بەرامبەردا، ئیسلام ئاباد پاساو بۆ هێرشەکانی دەهێنێتەوە و وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان لە رێگەی پلاتفۆڕمی ئێکسەوە ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنەکەیان پشتبەستوو بووە بە زانیاریی هەواڵگریی و حەوت کەمپی سەر بە تاڵیبانی پاکستانی و چەکدارانی داعشیان لە خۆراسان کردووەتە ئامانج.
پاکستان جەخت دەکاتەوە کە بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان هەیە هێرشە چەکدارییەکانی سەر وڵاتەکەیان لە ناو خاکی ئەفغانستانەوە ئاراستە دەکرێن، هەرچەندە کابول هەمیشە ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە کە ڕێگەی بە بەکارهێنانی خاکەکەی دابێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان کە تەنیا چەند رۆژێک پێش ئێستا، بە نێوەندگیریی سعوودیە، کابول سێ سەربازی پاکستانی ئازاد کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گرژییانەی چەندین مانگە باڵی بەسەر سنوورەکانی هەردوو وڵاتدا کێشاوە.