مایڵز کاگینز: ئەمریکا متمانەی بە سوپای عەرەبیی سووریا نییە
گوتەبێژی پێشووتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕایگەیاند کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بەهۆی بێمتمانی بووە بە سوپای عەرەبیی سووریا. جەختی کردەوە کە واشنتن هێزەکانی لە سووریا بۆ هەرێمی کوردستان و ئوردنەوە دەگوازێتەوە و لەوێ چاودێری دۆخەکە دەکات و لە پاڵپشتییەکانی بۆ تێکشکاندنی داعش بەردەوام دەبێت.
دووشەممە 23ی شوباتی 2026، کۆڵۆنێڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی پێشووتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە کوردستان24، ڕاگەیاند، هێشتا مەترسی و چالاکییەکانی داعش لە سووریا و عێراق بەردەوامن. هۆشداریی دا دەبێت هێزەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بن و جەختی کردەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی پێدانی زانیاریی هەواڵگیری، پشتگیریی دارایی و ڕاوێژکارییەوە، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
گوتەبێژی پێشووتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئەزموونی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان بەکاربهینێت.
کاگینز هۆکاری سەرەکیی کشانەوەی ئەمریکای بۆ ئەوە گەڕاندەوە، واشنتن ناتوانێت متمانە بە سوپای ئێستای سووریا بکات و بەشێک لە ئەندامانی سوپای عەرەبیی سووریا هێشتا بیرۆکەی جیهادییان هەیە، بۆیە متمانە نییە ئەمریکا لەگەڵیاندا هاوبەش بێت. لە بەرانبەردا، ستایشی هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان هاوپەیمانی سەرکەوتوو و جێگەی متمانەی هەمیشەیی ئەمریکان و ناوچەیەکی پارێزراویان بۆ واشنتن دابین کردووە.
سەبارەت بە شوێنی نوێی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا، کاگینز ئاشکرای کرد کە ئەو هێزانەی لە سووریا کشاونەتەوە، بەرەو هەرێمی کوردستان و ئوردن بەڕێکەوتوون، ئەمەش وایان لێ دەکات بۆ هەر ئەگەرێکی کتوپڕ لە سووریا نزیک بن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەر بەهۆی ئەو بێمتمانییەی بە سوپای سووریا هەیانبووە، بڕیاریان داوە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق بگوازنەوە.
کاگینز ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لەم کاتەدا بەراورد بە مانگی یەکی ئەمساڵ سەقامگیرترە، بەڵام بڕیاری کشانەوەکە دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد هاتووە کە دەریخستووە مانەوە لەگەڵ سوپای سووریا بۆ هێزەکانی ئەمریکا پارێزراو نییە.