زریانی نۆریست باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا پەکخستووە
شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و زریان کە بە "نۆریست" (Nor'easter) ناسراوە، ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە. ئەم دۆخە نائاساییە وایکردووە دەسەڵاتداران هۆشداریی بدەنە زیاتر لە 40 ملیۆن نیشتەجێی ئەو ناوچانە و هاتوچۆ لە چەندین شاری گەورە پەکبکەوێت.
بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی "FlightAware" کە تایبەتە بە چاودێری گەشتە ئاسمانییەکان، زریانەکە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە پێنج هەزار و 600 گەشت و دواکەوتنی سەدان گەشتی دیکە. هاوکات بەهۆی بەهێزیی زریانەکەوە، سەدان هەزار ماڵ و شوێنی بازرگانی لە کارەبا بێبەش بوون و تیمەکانی فریاگوزاری لە ئامادەباشیدان.
لە نیویۆرک، بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە ناپێویستەکان درا و زۆربەی قوتابخانەکان داخران. ئەم رێکارانە هاوشێوەی ئەو هەنگاوانە بوون کە لە ویلایەتەکانی نیوجرسی و ڕۆد ئایلەند گیرانەبەر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان. هەروەها بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەهۆی خراپی کەشوهەواوە دەرگاکانی داخست.
ئەم زریانە بڕێکی زۆر بەفری لەگەڵ خۆی هێناوە؛ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "تی.ف. گرین" لە ڕۆد ئایلەند نزیکەی 80 سانتیمەتر بەفر باریوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە. لە سەنتەراڵ پارکی شاری نیویۆرکیش 50 سانتیمەتر بەفر تۆمارکراوە، کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەرزترین ڕێژەی بەفربارینە لە یەک زریاندا.
کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە بارینی بەفرەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام مەترسیی بای بەهێز هێشتا بەردەوامە. شارە گەورەکانی وەک فیلادلفیا و نیویۆرک سەنتەری گەرمکەرەوەیان بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە لەنێو بەفردا گیریان خواردووە. هەروەها لە بۆستن و ماساشوستس بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ درێژکرایەوە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کەشوهەوا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس، ئەمەش وایکردووە دانیشتووان بە ترس و دڵەڕاوکێوە سەیری دۆخەکە بکەن. لە نێوان گلەیی بەشێک لە هاووڵاتیان لە سەختی ژیان لە کاتی زریاندا، بەشێکی دیکە چێژ لە دیمەنە سپییەکەی شار دەبینن کە دوای ماوەیەکی درێژ ناوچەکەی داپۆشیوە.