سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-گۆمەسپان دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر -گۆمەسپان دەکاتەوە.
دوای کەمتر لە ساڵێک، کارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی رێگای هەولێر - گۆمەسپان بەرێژەی 100% تەواو کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەم پڕۆژەیە پێکهاتووە لە رێگایەکی دووساید بە درێژی 16 کیلۆمەتر، لەگەڵ 8 کیلۆمەتر رێگای خزمەتگوزاری لە چوارڕیانەکاندا، رێگا سەرەکییەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن دیزاین کراوە؛ هەر ئاراستەیەک لە سێ رێڕەو پێکدێت، دوو رێڕەو بۆ هاتوچۆ و یەک رێڕەوی فریاگوزاری، کە تێکڕای پانیی قیرتاوەکەی 10.75 مەترە بۆ هەر ئاراستەیەک.
ئەم رێگایە، راستەوخۆ هەولێر بە چوارڕیانی گۆمەسپان و تەواوی ئەو گوند و شارۆچکانەی دەکەونە سەر رێگاکە دەبەستێتەوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆیە کە پێشتر بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانەوە روویان دەدا.
لە رووی کوالیتی و تایبەتمەندییە ئەندازیارییەکانەوە، رێگاکە بەرگەی قورساییەکی زۆری بارهەڵگرەکان دەگرێت، کارەکان بەم شێوەیە جێبەجێ کراون، سێ چین قیرتاو بە ئەستووری 21 سانتیمەتر، دوو چین بەردی شکاو بە ئەستووری 30 سانتیمەتر، لەگەڵ دوو چین تێکەڵە بە ئەستووری 40 سانتیمەتر، هەروەها پڕۆژەکە 5 پرد، 1 ژێرپرد و 50 ئاوبەری سندووقیی بە درێژی و قەبارەی جیاواز لەخۆگرتووە، هاوکات تەواوی پێکهاتە سەلامەتییەکانی وەک، سیستەمی ئاوەڕۆ، دیواری پاڵپشت، پەرژینی خۆپاراستن، هێماکانی هاتوچۆ و هێڵکاریی رێگاکەی بۆ کراوە.
لە دیزاینی نوێی پڕۆژەکەدا، گشت بەرزایی، نشێو و چەمانەوە ناڕێکەکانی رێگا کۆنەکە نەهێڵراون و چارەسەر کراون، بە جۆرێک کە شۆفێران دەتوانن بە درێژایی رێگاکە بە خێرایی 100کم لە کاتژمێرێکدا لێبخوڕن.