بە بڕیارێكی حكوومەتی عێراق كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت گران دەبێت

(وێنە؛ ئەرشیف)
(وێنە؛ ئەرشیف)

حکوومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە نرخی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت دەرکرد و لەمڕۆوە کرێی خزمەتگوزاری بەڕێژەی 20% بەسەر کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانسدا دەسەپێنرێت.

بەڕێوبەرایەتی ژێرخانی پەیوەندی و زانیارییەکان لە وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەگوێرەی بڕیارێکی نوێ، کرێی خزمەتگوزاری بەڕێژەی 20% زیاد کرا بۆ سەرجەم کارت و بەرنامەکانی پڕکردنەوەی باڵانسی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتدا."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روون کراوەتەوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگەی پێنجەمی بڕیاری ژمارە (1083)ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ساڵی 2025 دەرکراوە.

 ئاماژە بەوەش دراوە بڕیارەکە لە 23ـی شوبات، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی ئەو داهاتە، وەزارەتی پەیوەندییەکان ئاشکرای کردووە، ئەوان وەک وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەرپرسیارەتی کۆکردنەوە و گواستنەوەی پارەکە لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان دەگرنە ئەستۆ و سەرجەم داهاتەکەش بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق دەگوازرێتەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە ساڵانی ڕابردوودا باجی هاوشێوە لەسەر کارتەکانی مۆبایل هەبوو، بەڵام بۆ ماوەیەک لادرابوو، ئێستاش لە چوارچێوەی یاسای بودجە و رێکارە داراییە نوێیەکاندا دووبارە دەسەپێنرێتەوە.