لە مانگی رەشەمێدا خۆر رەنگی پێست دەگۆڕێت؛ زانست و فۆلکلۆر چی دەڵێن؟
پزیشکێکی پسپۆر لە نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت "گۆڕانی رەنگی پێست لەم مانگەدا کە بە رەشەمێ ناسراوە، پەیوەندی بە تینی خۆرەوە هەیە، تۆخ و تاریکبوونی رەنگی پێست پەیوەندیی بە کارابوونی میلانۆسایتەکانەوە هەیە کە ئەرکیان دروستکردنی میلانینە لە لەشی مرۆڤدا.
لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی رەشەمێ (21ی شوبات تا 20ی ئادار)، کە دوایین مانگی رۆژژمێری کوردییە، دیاردەی تاریکبوونی رەنگی پێست لە ناو خەڵکدا دەبێتە جێی باس. کوردستان24 لە زاری پسپۆرێکی پێستەوە هۆکارە زانستییەکانی ئەم گۆڕانکارییە و پەیوەندیی بە بەتینبوونی تیشکی خۆرەوە دەخاتەڕوو.
د. شیلان سابر، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند "لە رووی زانستییەوە، تیشکی خۆر لە مانگی رەشەمێدا ستوونتر دەبێت و کاریگەریی زیاتری لەسەر پێستی مرۆڤ دەبێت؛ ئەمەش نەک تەنیا رەنگی پێست دەگۆڕێت، بەڵکو زۆرجار دەبێتە هۆی سووتانی پێستیش، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە رەنگی پێستیان سپییە."
سەبارەت بە میکانیزمی گۆڕانی رەنگی پێستەوە، ئەم پسپۆرە روونیکردەوە کە هۆکارەکە بۆ "میلانۆسایتەکان" دەگەڕێتەوە، کە بەرپرسن لە دروستکردنی "میلانین" (بۆیەی پێست و قژ). لە کاتی بەتینبوونی تیشکی خۆردا، ئەم خانانە بە رێژەیەکی زیاتر میلانین بەرهەم دەهێنن، وەک بەرگرییەک بۆ پاراستنی پێست لە تیشکی زیانبەخش؛ واتا رەشبوونی پێستەکە لە راستیدا دروستکردنی بەرگێکی پارێزەرە لەلایەن جەستەوە.
د. شیلان ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگی تۆخی دانیشتووانی وڵاتانی ئەفریقاش بۆ هەمان هۆکار دەگەڕێتەوە؛ چونکە تیشکی خۆر لەوێ زۆر بەتینە، پێستیان رێژەیەکی زۆر میلانین بەرهەم دەهێنێت تا بتوانێت بەرگەی ئەو تیشکە بەهێزەی خۆر بگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ناوی "رەشەمێ"، هەندێک لە سەرچاوە ئەدەبییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مانگە زیاتر کاریگەریی لەسەر ئافرەتان هەیە، بۆیە ناونراوە (رەشە + مێ)، واتا ئەو مانگەی رەنگی مێینە (ئافرەت) تۆخ یان رەش دەکات.
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تیشکی خۆر پێویستە ئەم رێکارانە جێبەجێ بکرێن:
- بەکارهێنانی کرێمی دژەخۆر کە رێژەی پاراستنی (SPF) لە 30 کەمتر نەبێت و 20 خولەک پێش چوونە دەرەوە بەکاربهێنرێت.
- پۆشینی جلی گونجاو و کڵاوی پان بۆ پاراستنی رووخسار و ئەندامەکانی گوێ و مل لە تیشکی راستەوخۆ.
- دوورکەوتنەوە لە چوونە بەر خۆر لەو لووتکەی بەتینبوونی تیشکی خۆرە، واتە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 4ی ئێوارە، کە تیشک تێیاندا زۆر بەهێزە.
- بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر بۆ پاراستنی چاو و پێستی هەستیاری دەوروبەری.
- خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو بۆ پاراستنی شێداریی پێست و رێگری لە وشکبوونەوەی.
- نوێکردنەوەی کرێمی دژەخۆر هەر دوو کاتژمێر جارێک، بەتایبەتی لە کاتی ئارەقکردن یان مانەوە بۆ کاتێکی دوورودرێژ لە دەرەوە.
- بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە لە دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بۆ هێورکردنەوەی پێست.
مانگی رەشەمێ، دوایین مانگی وەرزی زستانە لە رۆژژمێری کوردی و ساڵنامەی کۆچیدا، کە لە 21ی شوباتەوە دەستپێدەکات و تا 21ی ئادار (نەورۆز) بەردەوام دەبێت. لە کەلتووری کوردەواریدا ئەم مانگە بەوە ناسراوە کە "خۆرەکەی فێڵبازە"، چونکە لەگەڵ ئەوەی هەوا ساردە، بەڵام تیشکی خۆری کاریگەریی توندی لەسەر سووتانی پێست و گۆڕانی رەنگی رووخسار هەیە، کە زانست وەک "زیادبوونی چالاکیی میلانۆسایتەکان" پشتڕاستی دەکاتەوە.