کۆشکی سپی: ئەو راپۆرتانەی باس لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکرێت، راست نین
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی راگەیاند، هەرچەندە بژاردەی یەکەمی ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران دیپلۆماسییە، بەڵام بۆ رێگریکردن لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پاراستنی هاوپەیمانەکانیان، بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە؛ هاوکات هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران درابێت.
سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: ئۆپەراسیۆنی میدنایت هامەر، لە وێرانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی تاران زۆر سەرکەوتوو بوو، تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئاماژەشی دا، لەنێوبردنی ئەو بنکانە، ئەوە ناگەیەنێت کە ئێران دووبارە هەوڵی بنیاتنانەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی ناداتەوە، بۆیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت دڵنیا بێتەوە کە بەرنامەی ئەتۆمی تاران نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دۆست و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە.
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی دووپاتیشی کردەوە، بژاردەی یەکەمی ترەمپ لەبارەی پرسی ئێران رێگەچارەسەری دیپلۆماسییە، بەڵام ئەگەر پێویستیش بکات ئەوە بژاردەی سەربازی بەکار دەهێنێت.
هەروەها کارۆلاین لیڤت، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە بڕیاردانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن و گوتی: هەموو ئەو راپۆرتانەی باس لە بڕیار و کاتی هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن، راست نین، چونکە ئەو بابەتە جگە لە خودی سەرۆکی ئەمریکا کەس نایزانێت.