سەمونخانەکانی هەولێر داوا دەکەن کیسەی کاغەزیان بۆ دابین بکرێت تا نایلۆن بەکارنەهێنن
لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژینگەی پایتەخت، هەڵمەتێکی نوێ لە شاری هەولێر دەستی پێکردووە بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان و جێگرتنەوەیان بە کیسەی پەڕۆ و کاغەز.
رۆژانە لە شاری هەولێر هەزاران کیسەی نایلۆن بۆ کڕینی نان و سەمون بەکاردەهێندرێن. شارەزایانی تەندروستی و ژینگە بەردەوام هۆشداری دەدەن لەبارەی مەترسییەکانی تێکەڵبوونی نان و سەمونی گەرم بە نایلۆن. ئەم تێکەڵبوونە کارلێکی کیمیایی دروست دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکان بۆ سەر گیانی مرۆڤ.
ئەگەرچی بەشێک لە خاوەنکارەکان ئارەزووی بەکارهێنانی کیسەی کاغەز دەکەن، بەڵام بەرزیی تێچووەکەی رێگرە. ئەرکان نوورەددین، کارمەندی یەکێک لە سەمونخانەکانی هەولێرە، لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئێمە حەزمان لێیە کاغەز بەکاربهێنین، بەڵام تێچووەکەی زۆرە. بڕێکی کەم بە 29 بۆ 30 هەزار دینارە، کارتۆنێکیشی بە 70 بۆ 75 هەزار دینارە. بۆیە ناچارین نایلۆن بەکاربهێنین لەبەرئەوەی هەرزانترە. مەگەر حکوومەت لەو رووەوە هاوکاریمان بکات."
هاووڵاتییانیش هەست بەو مەترسییە دەکەن و بەشێکیان داوا دەکەن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی جاران، لەو کاتەی تەنیا کاغەز بەکاردەهێندرا. رێبوار کەمال، هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە، دەڵێت: "کاتێک نانی گەرم دەکرێتە ناو نایلۆنەوە ئارەقە دەکات. ئەگەر بکرێتە ناو زەرفی کاغەز یان پەڕۆوە، ئەو کێشەیە دروست نابێت. داواکارین لە سەمونخانەکان تەنیا کاغەز و پەڕۆ بەکاربهێنن لەپێناو تەندروستیی هەموولایەک."
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە و وەک هەنگاوی یەکەم، لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، پڕۆژەیەکیان بۆ دابەشکردنی کیسەی پەڕۆ راگەیاند. لە رێورەسمێکدا بڕێکی زۆر لە کیسەی پەڕۆ بەسەر نوێنەری نانەواخانە و سەمونخانەکاندا دابەشکرا.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تێکردنی نانی گەرم لەناو نایلۆن پێکهاتەی نایلۆنەکە دەتوێنێتەوە و تێکەڵی خۆراکەکە دەبێت. ئەمەش زۆر مەترسیدارە. بۆیە هانی خەڵک دەدەین کیسەی قوماش بەکاربهێنن. وەک هەنگاوی یەکەم ئەم کیسە پەڕۆیانەمان بەبێ بەرامبەر دابەشکردووە، بەو ئومێدەی بەسەر سەرجەم نانەواخانەکانی شاری هەولێر و دەوروبەریدا گشتگیر بکرێت."
ئامانج لەم پڕۆژەیە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و خاوەنکارەکانە بۆ وازهێنان لە کیسەی نایلۆن. چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم هەنگاوانە و هاوکاریی هاووڵاتییان، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی بە بەکارهێنانی نایلۆن لە کڕینی نان و سەمون لە هەولێر بهێندرێت.
پارێزگای هەولێر پێشتر چەند بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە دەرمانخانەکان و نانەواخانەکان دەرکردووە. ئەم هەنگاوانەی پارێزگای هەولێر بەشێکن لە پلانی بەرفراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیکی و پاراستنی ژینگە. لە هەمان کاتدا دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بەردەوام هۆشداری دەدات لە زیانەکانی پلاستیک و هەوڵ دەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، رێکارەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی توندتر بکات.