کەرکووک.. شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە" نمایش دەکرێت
گرووپی شانۆی هەوار، شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکان"، کە لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە کەرکووک لە سەنتەری رۆشنبیری نمایش دەکرێت.
سێشەممە، 24ی شوباتی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت: ئەو شانۆگەرییە لە فەزایکی ئازاددا بەرهەممان هێناوە، کارەکە بە زمانی عەرەبییە و بانگهێشتکراوە بۆ وڵاتەکانی ئوردن و تونس، دواتر لە شارەکانی کوردستان نمایشی دەکەین، هەروەها لەچەند شوێنێکی تریش بانگهێشتکراوە وەکو مەغریب و میسر، ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی لەچەند وڵاتێک ئەو شانۆگەرییە نمایش بکەین.
نەژاد نەجم گوتیشی: شانۆگەرییەکە باس لەودیو دەرگاکان دەکات کە چی دەگوزەرێت، باس لە بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات، که چەندین کاری نەشیاو و توندووتیژی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبێتەوە، واتە باس لە هەموو بابەتە نائەخلاقییەکان دەکات، ئەو کارە دەرچوونە لە توونڕەوی ئینسان، کە کۆمەڵگە چی بەسەر ئینسانێکی پاک و بێگەرددا دەهێنێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تووندوتیژ، بەڵام ئینسان بە پاکی لەدایک دەبێت، ناچار بەکاری تووندوتیژی دەکرێت و دەبێتە کەسێکی ناتەندرووست لە کۆمەڵگەدا.
جێگەی ئاماژەیە، شانۆگەری "لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە"، کە لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە و لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، هەریەکە لە سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە پێش جەژنی ڕەمەزان لە کەرکووک لە سەنتەری ڕۆشنبیری نمایش بکرێت.