رۆیتەرز: ئێران لە کڕینی مووشەکی پێشکەوتووی چین نزیک دەبێتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ئێران لە قۆناغی کۆتایی واژۆکردنی گرێبەستێکدایە لەگەڵ چین بۆ کڕینی مووشەکی کرووزی دژەکەشتی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ناردنی هێزێکی دەریایی گەورە بۆ نزیک سنوورەکانی ئێران.

سێشەممە 24ی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، گرێبەستەکە تایبەتە بە کڕینی مووشەکی (CM-302)ی چینی کە خێراییەکەی لە دەنگ زیاترە (Supersonic) و مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 290 کیلۆمەتر. ئەم مووشەکانە بە شێوەیەک دیزاین کراون کە لە ئاستێکی نزم و بە خێراییەکی زۆر دەفڕن بۆ ئەوەی لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانی کەشتییەکانەوە نەپێکرێن.

شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن، جێگیرکردنی ئەم جۆرە مووشەکانە، توانای هێرشبەریی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکات و مەترسییەکی گەورە لەسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دروست دەکات. دانی سیترینۆڤیچ، توێژەری ئیسرائیلی لەم بارەیەوە دەڵێت: دەستگەیشتنی ئێران بەم مووشەکە، هاوکێشەکە بەتەواوی دەگۆڕێت، چونکە بەرپەرچدانەوەیان زۆر ئەستەمە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە، دانوستانەکان بۆ کڕینی ئەم سیستەمە مووشەکییە لە دوای شەڕە 12 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، خێراییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش جێگری وەزیری بەرگری سەردانی چینیان کردووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: ئێران رێککەوتنی سەربازی و ئەمنیی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەیە و ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ سوودوەرگرتن لەو رێککەوتنانە. لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین بێئاگایی خۆی لەم گفتوگۆیانە دەربڕیوە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مۆڵەتی 10 رۆژی بە تاران داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن یان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، هاوکات کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن و جێرالد فۆرد بەرەو ناوچەکە جووڵێنراون. بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: سەرۆک ترەمپ روونی کردووەتەوە؛ یا رێککەوتن دەکرێت، یاخود ناچار دەبین ڕێوشوێنی زۆر توند بگرینەبەر.