لە خانەقین مانگرتنی گشتییە

هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان ناڕەزایەتی لێكەوتووەتەوە؛ ئەمڕۆ لە خانەقین مانگرتنی گشتییە و دوكان و بازاڕەكان داخراون.

هەرێم جاف نێردراوی کوردستان24 لە خانەقین رایگەیاند، دانیشتووانی خانەقین و لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان، بە یەک دەنگ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ دابڕاندنی شارەدێکانی (جەبارە، قەرەتەپە، گوڵاڵە و سەعدییە) لە خانەقین رەت دەکەنەوە.

هەروەها ئەم بڕیار و هەنگاوەی حکوومەتی فیدراڵ وەک هەوڵێک بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی پێگەی خانەقین دەزانن.

 ئەمیر خانەقینی، چالاکوان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "فەرمانبەران و مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان كردووە. ئێمە داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکەین و رێگە نادەین خانەقین پەراوێز بخرێت؛ ئێستا شارەکەمان هیچ ناحیەیەکی بەسەرەوە نەماوە و مەترسی هەیە لە شارۆچکەوە بکرێتە شارەدێ و ئەمڕۆ وەک کاردانەوەیەک، مانگرتنی گشتی لە قوتابخانە، فەرمانگە حكوومییەكان و بازاڕەکانی شارەکە راگەیەنرا.

دیمەنی ئەمڕۆی بازاڕی خانەقین 

لای خۆیەوە راژان، چالاکوانێکی دیکەی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەم بڕیارانە تەنیا بێهێزکردنی دەنگی کورد و لەناوبردنی کولتووری ناوچەکەیە. هۆشداریشی دا کە ئەگەر بڕیارەکان هەڵنەوەشێنرێنەوە، لە رۆژانی داهاتوو رێگەکان دادەخەن و خۆپیشاندانی فراوانتر ئەنجام دەدەن.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی، نزیكەی 40 گوندی كوردنشین لە سنوورەکە چۆڵکران. لە نوێترین هەنگاویشدا، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە شارەدێی قەرەتەپەی کردووەتە شارۆچکە و شارۆچکەی جەبارەشی خستووەتە سەر، ئەمەش بە مەبەستی دابڕاندنیانە لە خانەقین.

بە گوێرەی عورفی سیاسی عێراق هەر گۆڕانێک لەو شوێنانەی چوارچێوەی ماددەی 140 دەبێت رێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت نەک تەنیا بۆ سنووری پارێزگای دیالە بەڵکو بۆ کەرکووک و موسڵیش بە هەمان شێوە دەبێت کۆدەنگی هەموو لایەنەکانی عێراقی لەگەڵدا بێت بەتایبەتی کورد کە پێکهاتەی سەرەکی ئەو ناوچانەن کە لە رابردوو لە سەردەمی دەسەڵاتی حکوومەتی بەعس تەعریب کران و بە گوتەی خەڵکی خانەقینیش ئێستا بە بەرگێکی دیکە تەعریب دەکرێن و دیمۆگرافیایان دەشێوێندرێت .

دانیشتووێکی خانەقین بەناوی حەسەن وەلید، عارەبانەیەک سەوزەی لە سەوزە فرۆشێک کڕی و بە خۆڕایی دابەشی سەر خەڵکی کرد ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی کەس مانگرتنەکە نەشکێنێت و کورد هەمووی یەک دەنگ بێت.

حەسەن وەلید بە کوردستان24ی راگەیاند: من ئەوەم کرد بۆ ئەوەی کە هەموومان یەک دەنگ بین و فشار بخەینە سەر ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە و دژی ئەو تەعریبە دەبێت هەموومان یەک دەنگ بین نەک تەنیا کڕینی عارەبانەیەک سەوزە، بەڵکو ئامادەم هەموو شتێک بکەم لەپێناو خانەقین.