حکوومەتی ئەڵمانیا: زیاتر لە هەشت هەزار بیانی مافی مانەوەیان لێوەرگیراوەتەوە

حکوومەتی ئەڵمانیا لە وەڵامێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2025دا مافی مانەوەی لە هەشت هەزار و 232 کەسی بیانی وەرگرتووەتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2024دا، نۆ هەزار و 277 حاڵەت هەبووە.

بەگوێرەی داتاکانی ئەڵمانیا، زۆربەی بڕیارەکانی دیپۆرتکردنەوە لە دژی هاووڵاتیانی جۆرجیا بووە کە 671 کەس دیپۆرتکراونەتەوە، لەدوای ئەویش ئەلبانیا 661 حاڵەت و تورکیا 618 حاڵەت لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن.

هەروەها هەمان سێ وڵات لە ساڵی 2024یشدا لە پێشەنگی لیستی بیانییە دیپۆرتکراوەکاندا بوون، کە 923 هاووڵاتی ئەلبانی دیپۆرتکرابوونەوە.

فەرمانی دیپۆرتکردنەوە رێکارێکی خۆپارێزییە بۆ هۆکاری ئەمنی لە دژی کۆچبەران دەردەکرێت، کاتێک فەرمانەکە دەرچوو پێویستە ئەوکەسەی بڕیارەکەی لەبارەوە دراوە، وڵات جێبهێڵێت.

ئەڵمانیا لە ساڵی 2021دا رایگەیاند، نزیکەی یەک ملیۆن و 24 هەزار پەنابەر لە وڵاتەکەیاندا هەیە، هەروەها 233 هەزار کۆچبەری دیکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، ئەمەش بووەتە گەورەترین وڵات کە میوانداری پەنابەران بکات لە ئەوروپا. نیوەی ئەو پەنابەرانە خەڵکی سووریان.