وردەکاری پلانێکی گوماناوی لە زیندانی کەرخ ئاشکرا دەکرێت

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرخ بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند؛ شەوی رابردوو پاسەوانەکانی گرتووخانەی کەرخ توانیویانە شانەیەکی چەکدارانی داعش ئاشکرا بکەن کە پلانیان هەبووە ئۆپراسیۆنێکی هەڵاتن لەژێر ناونیشانی غەزوە رەمەزان ئەنجام بدەن.

سەرچاوەکە راشیگەیاند؛ بەگوێرەی زانیارییەکان، پلانەکە بڕیار بووە لە 15ـی مانگی رەمەزاندا جێبەجێ بکرێت، تێیدا چەکدارەکان ویستوویانە دەرگای گرتووخانەکە بشکێنن و رابکەن. وردەکاریی پلانەکە لەناو فێنککەرەوەی یەکێک لە ژوورەکانی گرتووخانەکەدا شاردراوەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەست بەسەر 111 مۆبایلدا گیراوە کە زیندانییەکان بۆ پەیوەندیکردن و داڕشتنی پلانەکەیان بەکاریان هێناوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پووچەڵکردنەوەی پلانێکی گەورەی رێکخراوی داعش بۆ هەڵهاتن لە زیندانێکی بەغدا، وەزارەتی دادی عێراق روونکردنەوەی فەرمی دەدات و راستی رووداوەکە بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکات.

لای خۆشیەوە درەنگانی شەوی سێشەممە، محەممەد شەمەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی رایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پلانێکی مەترسیداری داعش بە ناوی "غەززوەی رەمەزان" لە ناو زیندانی کەرخ پووچەڵ بکەنەوە.

بەگوێرەی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، دەست بەسەر 111 مۆبایلدا گیراوە کە لە ناو ئامێرێکی سپلیتدا شاردرابوونەوە و بڕیار بووە لە 15ـی مانگی رەمەزاندا بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکە و هەڵهاتنی زیندانیان بەکاربهێنرێن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هەواڵەکانی پەیوەست بە بوونی پلانی داعشی لە ناو زیندانەکە رەتکردەوە.

لعێبی رایگەیاند: "هەواڵی بوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی داعش یان پلانی غەززوەی رەمەزان دوورە لە راستییەوە. ئەو مۆبایلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لە کاتی هەڵمەتێکی گەڕانی خولیی و ورددا بووە کە وەزارەت ئەنجامی دەدات."

لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژی وەزارەت جەختی کردەوە، ئەو زیندانیانەی مۆبایلەکانیان لێ گیراوە زیندانی ئاسایین و هیچ پەیوەندییەکیان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، زیندانیانی داعش کە لەم دواییانەدا لە سووریاوە گواستراونەتەوە، لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدان و بە تەواوی لە زیندانیانی دیکە جیاکراونەتەوە.

وەزارەتی داد ئاشکرای کرد، وەزیر فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ زانینی چۆنییەتی دزەکردنی ئەو مۆبایلانە بۆ ناو زیندانەکە. هەروەها بڕیار دراوە سەرجەم کارمەند و بەرپرسانی ئەو بەشەی زیندانەکە رەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێن و توندترین سزای ئەو کەسانە بدرێت کە هاوکار یان کەمتەرخەم بوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا.

ناوەندە ئەمنییەکان چاودێرییەکی وردی زیندانەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.