گەندەڵییەکی گەورەی هێڵی ئاسمانی عێراقییە ئاشکرا دەبێت

(وێنە؛ ئەرشیف، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا)
(وێنە؛ ئەرشیف، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا)

بەگوێرەی بەڵگەنامە و زانیارییە نوێیەکان، دۆسیەیەکی مەترسیداری گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقییە ئاشکرا بووە، بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری گەشتی ئاسمانی نیشتمانی و بەهەدەردانی دەیان ملیۆن دۆلار لە سامانی گشتیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ ئیدارەی ئێستای هێڵی ئاسمانی عێراقییە بە ئاشکرا بڕیارنامەی ژمارە 855ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشێل کردووە، بەتایبەت خاڵەکانی (4-A-B) کە جەخت دەکەنەوە دەبێت چاککردنەوەی فڕۆکەکان لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکانەوە ئەنجام بدرێت.

بەڵگەکان دەیسەلمێنن هێڵی ئاسمانی گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای نەناسراو بە ناوەکانی (Aet) و (Level Aero) واژۆ کردووە، کە هیچ کامیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مۆڵەتپێدراو نین. تێچووی چاککردنەوەی هەر بزوێنەرێک لەم گرێبەستانەدا بە 12 بۆ 14 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، بە جۆرێک تەنیا بۆ چاککردنەوەی4 فڕۆکە، بڕی 60 ملیۆن دۆلار بە شێوەی قیست تەرخانکراوە، ئەمەش نرخێکی یەکجار بەرز و گوماناوییە.

لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵانە، ئێستا 25 فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی عێراقییە لە جۆرە جیاوازەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون و زەمینگیر کراون. سەرچاوەکان باس لەوە دەکات، ئیدارەی کۆمپانیاکە پەنای بردووەتە بەر "تێکدانی سیستماتیکی" فڕۆکەکان لە رێگەی گواستنەوەی پارچەی یەدەگ لە فڕۆکەیەکەوە بۆ فڕۆکەیەکی دیکە، ئەمەش وایکردووە تەنانەت لە ئەگەری چاککردنەوەی بزوێنەرەکانیشدا، فڕۆکەکان توانای فڕینیان نەمێنێت.

ئەم دۆسیەی گەندەڵییە وایکردووە عێراق نەتوانێت مەرجە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی فڕین جێبەجێ بکات، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە، تا ئێستاش گەمارۆی ئاسمانیی ئەوروپا لەسەر هێڵی نیشتمانی عێراق بەردەوامە.

چاودێران پێیان وایە ئەم دۆخە نەک هەر زیانی گەورەی بە خەزێنەی دەوڵەت گەیاندووە، بەڵکو ناوبانگی نێودەوڵەتی کەرتی فڕۆکەوانی عێراقییەشی خستووەتە مەترسییەکی رژدەوە.