پۆلیسی سلێمانی: ئەو کەسەی دزی لە پووری کردبوو دەستگیرکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند؛ تۆمەتبارێک دەستگیرکرا بە دەمامکەوە هەڵیکوتابووە سەر ماڵی پوری و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر زێرەکانی دزیبوو
مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە هەڵیکوتابووە سەر ماڵی پووری و دوای بەستنەوە و ئەشکەنجەدانێکی زۆری ئافرەتە بەساڵاچووەکە، تەواوی زێرەکانی دزیبوو و هەڵاتبوو.
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، پۆلیس ئاگادارکرایەوە لە رووداوێکی دزیکردن و هێرشکردن لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، تێیدا کەسێکی دەمامکدار هەڵیکوتابووە سەر ماڵی ئافرەتێکی بەساڵاچوو کە بەتەنیا دەژیا؛ تۆمەتبارەکە دوای بەستنەوەی ئافرەتەکەی، بەسەختی ئازار و ئەشکەنجەی دابوو تا ئەو کاتەی لەهۆش خۆی چوو بوو، پاشان زێرەکانی دزیبوو.
دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد. سەرەنجام توانرا لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت. هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەست بەسەر تەواوی زێڕە دزراوەکانیشدا گیرا.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە ناوی (ش، ع، ح) و لەدایکبووی ساڵی 1987ە، و خوشکەزای سکاڵاکارە.
ئێستا تۆمەتباری ناوبراو بە بڕیاری دادوەر و بەگوێرەی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.