"چیدیکە دەروازەکانی ئەڵمانیا بەڕووی کۆچبەران کراوە نابن"

ئەو سیاسەتمەدارەی ئەگەری هەیە لەدوای ئەنگێلا مرکڵ ببێتە راوێژکاری ئەڵمانیا، رەتیدەکاتەوە پەنابەرانی نێو کەمپەکانی یۆنان و بۆسنە لە وڵاتەکەی وەربگیرێن، داواش دەکات سیاسەتێکی توندتری ناردنەوەی کۆچبەران پەیڕەو بکرێت و دەڵێ "رێگای گەیشتن بە ئەڵمانیا، چیدیکە کراوە نییە".

فرێدرێش مێرتس، کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حیزبی مەسیحیی دیموکراسی
فرێدرێش مێرتس، کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حیزبی مەسیحیی دیموکراسی

K24 - هەولێر

کاندیدی سەرەکی بۆ سەرۆکایەتیی حیزبی مەسیحیی دیموکراسی، کە ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا سەر بەو حیزبەیە، رەتیکردەوە پەنابەرانی نێو کەمپەکانی یۆنان و بۆسنە لە ئەڵمانیا وەربگیرێن.

فرێدرێش مێرتس، کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حیزبی مەسیحیی دیموکراسی لە لێدوانێکدا بۆ کۆمەڵەی رۆژنامەکانی فۆنکەی ئەڵمانی رایگەیاند "هەموو یەکێتیی ئەوروپا پابەندە بە یارمەتیدانی پەنابەران، بەتایبەتیی ئەوانەی لە بەڵکان و دوورگەکانی یۆنانن، بەڵام ناکرێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەر بکرێت کە هەمووان بێنە ئەڵمانیا. ئەم رێگایە چیدیکە کراوە نییە".

مێرتس، جەختی کردەوە لەوەی دەبێت ئەڵمانیا رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکات کە خەڵکەکانیان کۆچ دەکەن، هەروەها ئەوانەی کۆچبەران پێیاندا تێپەڕدەبن، ئەمەش لەپێناو رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی، کە بە گوتەی ئەو، هەڕەشە لەژیانیان دەکات لە دەریای ناوەڕاست.

مێرتس داوای کرد هەڵمەتەکانی ناردنەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بۆ وڵاتەکانیان لەچاو ساڵانی رابردوو، پتەوتر بکرێن.

سەبارەت بە ناردنەوەی کۆچبەرانی سووریش لە ئەڵمانیاوە، مێرتس گوتی بەهۆی نەبوونی هێڵی فڕۆکەوانی و رێگای کراوەی وشکانی، ئاستەنگی یاسایی و مرۆیی هەیە بۆ ناردنەوەی خەڵک بۆ سووریا، ناکرێت (ئەوان) بنێردرێنەوە، تەنیا لە هەندێک حاڵەت نەبێت لەسەر ئاستی تاکەکەسی".

بڕیارە حیزبەکەی مێرکڵ لە کۆنگرەیەکی ئۆنلایندا لە نیوەی ئەم مانگە، سەرۆکی نوێی هەڵبژێرێت. ئەو هەڵبژاردنە سەرەتا بڕیاربوو لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بکرێت، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا، دووجار دواخراوە.

ئەندامانی یەکێتیی مەسیحیی دیموکراتی دەبێت لەنێوان: ئەرمین لاشیت، سەرۆکی ویلایەتی باکووری راین و وێستڤاکیا، فرێدرێک مێرتسـی لیبراڵی کە بە رکابەری مێژوویی مێرکڵ دادەنرێت، لەگەڵ نۆربێرت رۆتگین، شارەزای سیاسەتی دەرەوە، یەکێکیان هەڵبژێرن.

چاوەڕوان دەکرێت میتس لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵات، کە لە مانگی ئەیلوولی 2021 بەڕێوەدەچێت، سەرکەوتوو بێت و ببێتە راوێژکاری ئەڵمانیا، کە 16 ساڵە مێرکڵ راوێژکارە.
 

سەرچاوە: DW

Fly Erbil Advertisment