رامی عەبدولڕەحمان: نابێت ئیدارەی نوێی سووریا ببێتە دیکتاتۆرییەتێکی دیکە و مەترسی بۆ سەر کورد دروست بکات
بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ کوردستان24، رەخنەی توندی لە هەندێک سەرکردە و گرووپی چەکداری ناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گرت و هۆشداریی دا لەوەی سووریای داهاتووی گەشی نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای سڕینەوەی لایەنەکانی دیکە بونیاد بنرێت.
چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بە کوردستان24، رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت و هوتی: "پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت دیکتاتۆرێکی نوێ لە سووریا دروست بکات لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی و ئیسرائیل، ئێمە لە دیکتاتۆرییەتی بەعس رزگارمان بوو، نامانەوێت بکەوینە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی دیکەی توندڕەو."
بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دەڵێن "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هێزی داگیرکارن"، گوتیشی: "ئەو کەسەی بە هەسەدە دەڵێت داگیرکار، خۆی بیری داعشی هەیە، چونکە هەسەدە بوو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فوراتی لە تیرۆریستانی داعش پاککردەوە و تا ئێستاش شەڕی تیرۆر دەکەن."
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری روانگەی سووری جەختی کردەوە، پێویستە سوپایەکی نیشتمانیی سووریی نوێ بونیاد بنرێت کە پارێزگاری لە مافی هەموو پێکهاتەکان بکات، لەوانە کورد، عەلەوی و هەموو نەتەوە و ئایینەکانی دیکە، نەک سوپایەک کە تەنها لەو گرووپە چەکدارانە پێکبێت کە دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییان سوورە.