بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا لە کارەکەی دوورخرایەوە
وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاری دا بە پێکهێننی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەکەی شەوی رابردوو و دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە پۆستەکەی.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێرااق، شەوی رابردوو (سێشەممە، 25ـی شوباتی 2026)، بەهۆی بڕانی کارەبا لە سیستەمی رووناکیی رێنوێنیی فڕۆکەوانی، جووڵەی فڕۆکەکان و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردران.
لەسەر ئەو بنەمایە، وەزیری گواستنەوە بەوەکالەت فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، د. خالید شوانی جەختی کردووەتەوە لە پێویستیی تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکە و بەرزکردنەوەی راسپاردەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویست لەسەر بنەمای دەرەنجامەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە لە داهاتوودا.
هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکانیدا، وەزیری گواستنەوە بەوەکالەت فەرمانی کردووە بە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە کارەکەی تا کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لەپێناو جێبەجێکردنی بنەمای لێپرسینەوەی کارگێڕی و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەیە بە شەفافیەت و پیشەییبوونێکی بەرز.
ماوەیەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رووبەڕووی چەندین کێشەی خزمەتگوزاری و کارگێڕی دەبێتەوە و پێشتریش چەندین جار بەهۆی لەکارکەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئینتەرنێتەوە ئاستەنگ بۆ گەشتیاران دروست بووە.
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی رابردوودا چەندین گۆڕانکاریی کارگێڕیی لەناو فڕۆکەخانەکەدا ئەنجام داوە، ئامانج لەم هەنگاوانەی حکوومەت باشترکردنی دۆخی فڕۆکەخانەکە و گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی وڵاتەکە.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی گواستنەوە روونی کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتەکان و رێگریکردن لە هەر کەمتەرخەمییەک لە داهاتوودا.