هاتوچۆی سلێمانی شێوازی سەردانیکردنی شۆفێرانی بۆ بەشی مۆڵەت گۆڕی

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی گرنگ ئاراستەی سەرجەم شۆفێران دەکات و رایدەگەیەنێت، بۆ راییکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەک لە بەشی مۆڵەت، پێویستە هاووڵاتییان پێشوەختە نۆرەیان گرتبێت و کۆیان وەرگرتبێت.

چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، پێویستە شۆفێران لە رۆژانی شەممەدا پێشوەختە نۆرە (کۆد) وەربگرن بۆ دیاریکردنی کاتی سەردانەکەیان لە ناو هەفتەکەدا.

هاتوچۆی سلێمانی جەختی کردووەتەوە، بەبێ هەبوونی ئەو کۆدەی لەرڕۆژی شەممە وەردەگیرێت، هیچ مامەڵەیەکی هاووڵاتییان لە بەشی مۆڵەت ڕایی ناکرێت، تەنها ئەو کەسانەی کە کۆدی پێشوەختەیان وەرگرتووە، دەتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن و مامەڵەکانیان بۆ تەواو دەکرێت.

هاتوچۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رۆژانی شەممە کاتژمێر حەوتی ئێوارە، لینکی وەرگرتنی کۆد کارا دەبێت و بەبێ هەبوونی ئەو کۆدە، هیچ مامەڵەیەک لە بەشی مۆڵەت ئەنجام نادرێت.