هاتوچۆی هەولێر: ئەو شەقامانەی هێڵکاری نەکراون دوای وەرزی بارانبارین تەواو دەکرێن
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی شەقامەکانی هەولێر هێڵکاری کراون و ئەوانەشی ماون دوای وەرزی بارانبارین تەواو دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا لە قۆناغی هۆشیارکردنەوەی شۆفێرانن و دواتر دەست بە سزادان دەکەن.
سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەشی هەرە زۆری شەقامەکانی ناو شاری هەولێر هێڵکاری کراون. سەبارەت بەو بەشانەشی کە هێڵکاری نەکراون یان کاڵ بوونەتەوە، ڕوونی کردەوە کە بەهۆی وەرزی بارانبارینەوە کارەکان وەستاون و دوای کۆتایی هاتنی وەرزەکە، تیمەکانی ئەندازەی هاتووچۆ دەست بەکار دەبنەوە و تەواویان دەکەن.
دەربارەی پابەندبوونی شۆفێران بە ڕۆیشتن لەنێو هێڵەکاندا، عەقید هێمن ئاشکرای کرد، وەک قۆناغی سەرەتایی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوە کردووە. ئامانج لەم هەڵمەتە تێگەیاندنی شۆفێرانە لە گرنگی و سوودەکانی پابەندبوون بە هێڵکارییەکان بۆ سەلامەتیی خۆیان و کەمکردنەوەی ڕووداوەکان.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، لەم قۆناغەدا سزای شۆفێران نادرێت، بەڵام لە قۆناغەکانی داهاتوودا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی هۆشیارکردنەوە، هەر شۆفێرێک پابەندی هێڵکاری شەقامەکان نەبێت و بەشێوەی ئەرزی یاخود هەڕەمەکی لێبخوڕێت، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.