نێچیرڤان بارزانی: راپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیا هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راپۆرتی لیژنەی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و پشتیوانی هەرێمی کوردستانیش بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان دووپات کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە راپۆرتی لیژنەی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ و ئاراستەیەکی دروستی دەزانێت بۆ ئاشتی و چارەسەری.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: پێشخستنی زمانی سیاسەت و دیالۆگ و پابەندبوون بە چارەسەری ئاشتییانە، بنەمای سەرەکین بۆ بنیاتنانی سەقامگیریی هەمیشەیی کە بە سوودی هەموو ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەشی داوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە جەخت لە پشتگیری و هاوکاریمان بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێک دەکەینەوە کە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان بێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ برایەتی و پێکەوەژیان بکاتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوادارە هەنگاوی تری لە پەرلەمان بەدوادا بێت بۆ بەهێزکردنی زیاتری متمانە و بەدیهێنانی ئەو ئاشتییەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.