11 وڵات هۆشداریی گەشتکردنیان بە هاووڵاتییانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە
سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانەکان، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی ئاستی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران، شەپۆلێک لە رێوشوێنی ئەمنی لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە گیرایە بەر. نزیکەی 11 وڵات دەستیان کردووە بە کشانەوەی خێزانی دیپلۆماتکاران و فەرمانبەرەکانیان لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات داوا لە هاوڵاتییانیان دەکەن گەشتەکانیان بۆ ئێران دوا بخەن یان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەمریکا
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر بڕیاری کشانەوەی فەرمانبەرە ناسەرەکییەکان و ئەندامانی خێزانەکانیانی لە باڵیۆزخانەکەیان لە لوبنان داوە.
فینلاند و ئەڵمانیا
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی فینلاند لە نوێترین هۆشدارییەکانیدا، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی کردووە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن، هەروەها بە پەلە یەمەن و لیبیاش جێبهێڵن.
هاوکات ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد ئێران جێبهێڵن، بە ئاماژەدان بەوەی هێشتا گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بەردەستن و دەرچوون لە رێگەی وشکانیشەوە دەکرێت.
پۆڵەندا، سوید، سربیا و قوبرس
پۆڵەندا و قوبرس، داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی سویدیش جگە لە هۆشداریی هاوشێوە، راشکاوانە رایگەیاند: ئەو کەسانەی بڕیاری مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، دەبێت چاوەڕێی هاوکاریی حکوومەت نەبن بۆ گواستنەوەیان.
سربیاش بەهۆی مەترسیی تێکچوونی دۆخی ئەمنی، داوای دەرچوونی بە پەلەی هاووڵاتییانی لە ئێران کرد.
لە بارەی قوبرسیشەوە، ئەو وڵاتە لە 13ـی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئامۆژگاری هاووڵاتیانی خۆی کرد کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن، یانیش ئەگەر لەو وڵاتە دان دەست بە جێ جێیبهێڵن.
ئوسترالیا، بەرازیل، هیندستان و سەنگاپورە
حکوومەتی ئوسترالیا داوای لە خێزانی دیپلۆماتکارانی لە ئیسرائیل و لوبنان کردووە ئەو وڵاتانە جێبهێڵن و بژاردەی دەرچوونی ئارەزوومەندانەشی خستووەتە بەردەم خێزانی دیپلۆماتکارانی لە ئیمارات، ئوردن و قەتەر.
بەرازیل، سەنگاپورە و هیندستانیش ئامۆژگاریی هاووڵاتییانیان کردووە، گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەوێن بە هەر رێگەیەک بێت (وشکانی یان ئاسمانی) وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئەم رێوشوێنانە هاوکاتن لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیدارەی ئەمریکا دژی ئێران و ئاماژە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، بە ئەگەری پەنابردن بۆ "بژاردەی سەربازی"، ئەگەر بێتو رێککەوتنێکی ئەتۆمیی رازیكەر لە نێوان هەردوولادا ئەنجام نەدرێت.