دەم پارتی داوای هەنگاونانی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان، ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، پەیامێکی دیکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەلایەن پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی خوێندرایەوە.

رێوڕەسمی خوێندنەوەی پایەمەکەی ئۆجەلان لە ئەنقەری پایتەخت بەڕێوەچوو، بەر لە خوێندەوەی پەیامەکە، بەرپرسانی دەم پارتی داوای هەنگاوی یاساییان بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد.

سەرەتا توڵای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوون گوتی: 27ی شوبات لە مێژووی سیاسی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆژێکی زۆر گرنگ بوو. ئەو رۆژە تەنیا بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک نەبوو، بەڵکو دەرگایەکی نوێ بوو بۆ پرۆسەی ئاشتی. 

هەروەها گوتی: لێرەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ژیانی خۆیان بۆ ئاشتی تەرخان کرد، بەتایبەتی سری سورەیا ئۆندەر. لەو رۆژەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی بۆ ئاشتی و کۆمارێکی دیموکراتیک کرد. ئەمە هەوڵێک بوو بۆ کۆتاییهێنان بە سەدەیەک لە ئازار و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان. ئەم بانگەوازە تەنیا بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان نەبوو، بەڵکو بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ بوو لەسەر بنەمای دیموکراسی، دوای ئەمە کەشێکی زۆر ئەرێنی دروست بوو، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات پاشەکشەی لێکرد. 

گوتیشی: وەک دەم پارتی ماوەی ساڵێکە لەسەر ئەمە کار دەکەین و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین بۆ ئەوەی پرۆسەکە زیندوو بکەینەوە. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە و دەبێت وەڵامی ئەم بانگەوازە بداتەوە و هەنگاوی راستەقینە بنێت؛ ئەمە نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی تورکیا گرنگە تا لە ئاشتیدا بژین لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان."

دواتر تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی "بەخێرهاتنی هەمووان دەکەم، بەتایبەتی دایکانی ئاشتی. کاتێک باسی ئاشتی دەکەین، ناتوانین رۆڵی کەسانی وەکو سری سورەیا ئۆندەر لەبیر بکەین. مێژوو هەندێک جار دەرفەتی گەورە دەڕەخسێنێت، تورکیا لەو کاتەدا دەرفەتێکی زۆر گەورەی لەدەستدا. بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەرفەتێک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی 100 ساڵە لە رێگەی دیموکراتییەوە. 

گوتیشی: پەیامەکە هەوڵێک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا بە رێگەی ئاشتیانە، هەرچەندە ئەم دەرفەتە رەتکرایەوە، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداوە و لە خەباتداین بۆ ئاشتی. 

باکرهان راگەیاند، ئاشتی تەنیا بە یەک لایەن ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە دەوڵەت هەیە وەک لایەنی بەرامبەر کە ئیرادەی راستەقینەی هەبێت. بۆیە پێویستە دەوڵەت ئەم بانگەوازە بە جددی وەربگرێت و هەنگاوی بۆ بنێت، چارەسەری کێشەی کورد بەبێ کورد ناکرێت و ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی کورد نییە، بەڵکو کێشەی دیموکراسییە لە تورکیا. 

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: پشتیوانی خۆمان بۆ داواکاری زیندانیان دەردەبڕین و داوا دەکەین گۆشەگیری سەر ئۆجەلان کۆتایی بێت، چونکە بەبێ چارەسەری دیموکراتی، قەیرانەکان زیاتر و قووڵتر دەبنەوە."

هەروەها پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی: بەر لەوەی ئەوەی دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان بخوێنمەوە، دەمەوێت یادی سری سورەیا ئۆندەر بکەمەوە بۆ ئەو رۆڵە گرنگەی لەم پرۆسەیەدا هەیبوو، هەروا هیوادارم ئۆجەلان بە زوویی ئازاد ببێت.