دوای نۆژەنکردنەوەی؛ مزگەوتی نووری لە مووسڵ بەڕووی نوێژخوێنان کرایەوە

مزگەوتی نووری لە مووسڵ کە لە ساڵی 2014  ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش گوتاری تێدا پێشکەش کرد و خەلافەتی داعشی راگەیاند. لە کاتی شەڕی داعشیشدا مزگەوتەکە تەقێندراوە و وێرانبوو، دوای چەندین ساڵ جارێکی دیکە نۆژەنکراوەتەوە و یەکەمین ساڵە دوای ئازادکردنی مووسڵ جارێکی دیکە موسڵمانان نوێژ و نزای تێدا دەکەنەوە.

دوای تەواوبوونی کارەکانی نوژەنکردنەوەی، مزگەوتی نووری لە شاری مووسڵ لە مانگی رەمەزاندا بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە و جارێکی دیکە دەنگی بانگی تێدا دەزرینگێتەوە.

شێخ عەلی، گوتارخوێنی مزگەوتی نووری لە مووسڵ دەڵێت: "ئەم مزگەوتە وەک هێمای شاری مووسڵ دەناسرێت و بە منارەی 'حەدبا' نێوبانگی دەرکردووە. ئەم شوێنە جگە لەوەی مەڵبەندی کۆبوونەوەی خێزانەکانە بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی، وەک قوتابخانەیەکی گەورەش بۆ شارەکە دەبینرێت."

لەسەر میمبەری ئەم مزگەوتە بوو کە لە ساڵی 2014 ئەبوبەکر بەغدادی گوتاری "خەلافەت"ی خوێندەوە، بەڵام لە ساڵی 2017 و لە کاتی شەڕی تێپەڕاندنی داعش، مزگەوتەکە وێرانکرا.

عومەر موللا، گوتارخوێن لە مزگەوتەکە دەڵێت: "ئەمڕۆ لەم مانگی رەمەزانەدا، ناسنامە و گرنگیی مووسڵ گەڕایەوە، بەتایبەت بۆ خەڵکی مووسڵی کۆن. دوای 9 ساڵ، خۆشبەختانە جارێکی دیکە هاتینەوە ناو ئەم مزگەوتە بۆ نوێکردن."

ئەم مزگەوتە و منارەی حەدبا کە لە حەوشەی مزگەوتەکەدایە، وەک ناسنامەی شاری مووسڵ دەناسرێن. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، مێژووی دروستکردنیان بۆ 900 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەم شوێنە مێژووییە لە ساڵی 2025، بووەتە مایەی دڵخۆشی هاووڵاتییان.

مزگەوتی نوری یان مزگەوتی گەورە لە ساڵی 1172 لەلایەن نورەدین زەنگی لە شاری مووسڵ بونیادنراوە و بە منارە بەناوبانگەکەی کە بە "حەدبا" ناسراوە، بووەتە نیشانە و هێمای مێژوویی ئەو شارە. ئەم مزگەوتە لە تەممووزی 2014 وەک شوێنی راگەیاندنی "خەلافەت" لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی رێبەری داعش بەکارهێنرا، بەڵام لە حوزەیرانی 2017 و لە کاتی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە و بە تەواوی وێران کرا. دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، لە رێگەی پڕۆژەی "بونیادنانەوەی گیانی مووسڵ" کە لەلایەن رێکخراوی یونێسکۆ و بە هاوکاریی دەوڵەتی ئیمارات و حکوومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێت، کارەکانی نوژەنکردنەوەی دەستیپێکرد و دواجار لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، دوای 9 ساڵ لە وێرانکردنی، جارێکی دیکە بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە.