ترەمپ بۆ کوردستان24: لە دانوستانمان لەگەڵ ئێران خۆشحاڵ نین

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی ئێران و عێراق وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و رایگەیاند، بەشێوازی دانوستانەکانی ئێران دڵخۆش نییە و خەڵکی عێراقیشی خۆشدەوێت.

هەینی 27ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، گوت: من هێشتا بڕیاری کۆتاییم لەسەر ئێران نەداوە و لە شێوازی مامەڵە و گفتوگۆکانیان رازی نیم، بەڵام ڕێگە نادەین چەکی ئەتۆمیان هەبێت.

سەبارەت بە کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و هەڵوێستی ئەمریکا لەو بارەیەوە، ترەمپ گوتی: "من عێراق و خەڵکی عێراقیشم خۆشدەوێت، بەڵام با بزانین چی روودەدات."

ترەمپ لە قسەکانیدا وێڕای دەربڕینی هەڵوێستێکی ناڕوون سەبارەت بە ئایندەی سیاسی عێراق، گوتی: من عێراق و خەڵکی عێراقیشم خۆش دەوێت، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین چی روودەدات.

هاوکات ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەکانی دیکە لە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی تاران، گوتی: من حەز ناکەم هێزی سەربازی بەکاربهێنم، بەڵام هەندێک جار ناچاریت و دەبێت بیکەیت.

سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە شێوازی گفتوگۆکانی ئێران دەربڕی و ئاماژەشی دا، باشتر بوو ئەگەر بە نیازپاکی گفتوگۆیان بکردایە، بەڵام ئەوان ناگەنە ئەو ئاستە. من دڵخۆش نیم بەوەی کە ئەوان ئامادە نین ئەوەمان پێ بدەن کە پێویستمانە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.